سەردێر

هەولێر.. دەست بەسەر 25 كیلۆ ماددەی هۆشبەردا گیرا

خەڵك

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، لە ڕێگەی هەولێر – كەلەك توانیویانە دەست بەسەر 25 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا بگرن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایدەگەیەنێت:”لەدوای بەدواداچوون و چاودێرییەكی ورد، ئەمڕۆ ڕێكەوتی 18ی نیسانی 2021 لە ڕێگەی هەولێر كەلەك، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانەوە توانرا دەستبگیرێت بەسەر 25 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر، كە 18 كیلۆگرامیان لە جۆری هێرۆینە و حەوت كیلۆگرامیشیان لە جۆری كریستاڵە”.

لەسەر ئەو كارەش تۆمەتبارێك بەناوی “ب. خ. خ” دەستگیركراوە كە دانیشتووی هەرێمی كوردستانە و بەنیازبووە ماددە هۆشبەرەكان بباتە نێو شاری هەولێرەوە بەمەبەستی فرۆشتن و بڵاوكردنەوەی.

لە ڕاگەیەنراوەكەی ئاسایشی گشتی هەولێردا هاتووە، تۆمەتبارەكە ڕەوانەی دادگا كراوە و پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە.