سەردێر

لەشكر حەمید: دەست بەسەر پێنج تۆن خۆراكدا گیراوە

خەڵك

لەچەند ڕۆژی ڕابردووی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا، قائیمقامیەتی سلێمانی دەستی بەسەر زیاتر لە پێنج تۆن خواردن و خواردنەوەی خراپ و ماوە بەسەرچوودا گرتووە.

لەشكر حەمید، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند: لە ئەنجامی ئەو هەڵمەت و سەردانە چڕەی لەلایەن لیژنەكانەوە بۆ دوكان و بازاڕ و شوێنە گشتییەكان ئەنجام دەدرێت، لەسەرەتای مانگی ڕەمەزانی پیرۆزەوە ژمارەیەكی زۆر شوێن بەسەركراونەتەوە و دەستیش بەسەر زیاتر لە پێنج تۆن خواردن و خواردنەوەی خراپ و ماوە بەسەرچوودا گیراوە.

وتیشی:”بەشێكی زۆری ئەو خواردن و خواردنەوانەی دەستی بەسەردا گیراوە لەخورما، شەربەت و شیرینی پێكهاتووە”.

سەرۆكی لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، بەپێی خشتەی كاركردنی لیژنەكان، هەڵمەتەكە سەرجەم دوكان و بازاڕ و شوێنە گشتییەكانی سلێمانی و شارەدێیەكانی بازیان، بەكرەجۆ و تانجەڕۆ دەگرێتەوە.

ڕاشیگەیاند: لەكاتی هەبوونی گومان لە هەر كاڵا و شمەكێك یان خواردەمەنییەك دەتوانن لە ڕێگەی ژمارە مۆبایلی (07708677777)ـەوە پەیوەندی بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانییەوە بكەن.