سەردێر

بۆ مانگی ڕەمەزان ئەمساڵ دەوامی فەرمانگەكان كاتژمێرێك كەمنەكرایەوە

خەڵك
ساڵانە لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز بۆ ماوەی كاتژمێرێك دەوامی فەرمانەگانی حكومەت كەمدەكرایەوە بۆ ئەمساڵ ئەو بڕیارە جێبەجێ‌ نەكرا و ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت،”بە هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە ئەمساڵ لەفەرمانگەكانی حكومەت بە (تەناوب) دەوام دەكرێت، پێویستی بە كەمكردنەوە نیە”.

ڕزگار حەمە نوری ، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە خێراییەی كۆرۆنا، كە لە هەرێم بڵاوبۆتەوە دەوامی سەرجەم فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم كراوەتە تەناوب فەرمانبەران ڕۆژ نا ڕۆژێك دەوام دەكەن .

وتیشی ،”لە هەندێك فەرمانگە هەیە هەفتەی دوو ڕۆژ بۆ دەوام دیاریكراوە، هەندێكی دیكە سێ ڕۆژ لە هەفتەكەدا دەوامی ئاسایی دەكەن، بۆیە ساڵانی پێشوو كاتژمێرێك دەوام كەمدەكرایەوە، چونكە تا كاتژمێر 2 یان 3 دەوام هەبوو”.

ڕاشگەیاند ، لەگەڵ كەمكردنەوەی دەوام بە شێوەی (تەناوب) لە ئێستادا دەوامی زۆرێك لە فەرمانگەكان لە نزیك 1ی پاش نیوەڕۆ كۆتایی پێ دەهێنرێت، بۆیە ڕەنگە پێویست بەوە نەكات بەهۆی مانگی پیرۆزی ڕەمەزانەوە هاوشێوەی ساڵانی پێشوو دەوام كەم بكرێتەوە .