سەردێر

لەسەر هێرشەكەی سەر هەولێر ناوخۆی هەرێم و عیراق ڕاگەیەنراوی هاوبەشیان بڵاوكردەوە

خەڵك

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عیراق ڕاگەیەنراوێكی هاوبەشیان لەبارەی هێرشەكەی سەر هەولێر بڵاوكردەوە و دەڵێن:”بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عیراق، لیژنەكانی لێكۆڵینەوە دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و سزادانیان”.


لە ڕاگەیەنراوە هاوبەشەكەدا هاتووە:”هێرشەكانی ئەم دواییەی سەر هەولێر و ناوچەكانی تر، هێرشی تیرۆریستین و ئامانج لێیان تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و نانەوەی دووبەرەكییە”.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عیراق دەڵێن:”هێرشەكان هەوڵێكی شكستخواردوون بۆ تێكدانی بەرەو پێشچوونەكانی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەتی هاوئاهەنگییە ئەمنییەكان”، هەروەها ئاماژەیان بەوەش كردووە “هاوئاهەنگی و هاوكارییەكان بەردەوام دەبن بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هاووڵاتییان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوانەی دۆخی ئەمنی تێكدەدەن”.

جێی ئاماژەیە، شەوی ڕابردوو هێرشێكی مووشەكی كرایەسەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و دوای هێرشەكەش، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند: هێرشەكە بە ڕێگەی درۆنی TNT كراو بووە و ئاڕاستەی بنكەی هێزەكانی هاوپەیمانان كراوە.