سەردێر

دوو هەزار و ٥٠٠ ڤاكسینی دیكە دەگاتە سلێمانی

سلێمانی – نزار جەزا
٥٠ هەزار ڤاكسینی ڤایزەر گەیشتۆتە عێراق، كە دوو هەزار و ٥٠٠ دانەی بەر سلێمانی دەكەوێت.

نەجمەدین حەسەن بەڕێوەبەری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لە سلێمانی بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ٥٠ هەزار ڤاكسینی ڤایزەر بۆ عیراق هاتووە، بەڵام تاكو ئێستا بەشی سلێمانی نەهاتووە، كە بڕەكەی لەسەدا پێنجە.

وتیشی: تاكو ئێستا دوو بار ڤاكسین گەیشتۆتە سلێمانی و چاوەڕێن ئەو بڕەی دیكەش بگات.

ئەوەشی باسكرد، ئەو ڤاكسینەی لەهەرێم بەكاردەهێنرێت هیچ كێشەیەكی نییە، بەڵام بەكارهێنەرەكە هەندێك نیشانەی وەك تای لێدێت، ئەوەش ئاساییە و هەموو ڤاكسینێك بەو جۆرەیە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، لەوانەیە لەجیهاندا بەڕێژەیەكی كەم هەندێك لەوانەی ڤاكسین بەكاردەهێنن، تووشی هەندێك شت ببن، بەڵام بەكارهێنانی ڤاكسینەكە باشترە لەوەی بەكارینەهێنن.

باسی لەئەوەشكرد، بەسنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕینەوە ٣١ مەڵبەندی تەندروستی هەیە، كە ڤاكسینی تێدایە.

ئەوەشی باسكرد، بەڕێژەیەكی باش خەڵك چوون بۆ وەرگرتنی ڤاكسین.