سەردێر

نێچیرڤان بارزانی: دەبێت بە تێڕوانینێكی تازەی هاوبەشەوە بۆ داهاتوو بڕوانین

خەڵك

ئەمڕۆ یەكشەممە، لە ڕۆژی دووەمی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی ژمارەیەك سەركردە و هێزە سیاسییەكانی عیراقی كرد و لە كۆبوونەوەكانیدا، دۆخی سیاسی، ئابووری و ئەمنیی عيراق و ئاڵنگارییە‌ جیاجیاكانی بەردەم وڵاتەكەی لەگەڵ لایەنەكان تاوتوێكردووە. سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێی گوتووە، دەبێت بە دانایی و نەرمی مامەڵە‌ لەگەڵ رووداوەكاندا بكرێت.

ئەو سەركردانەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵیان كۆبووەوە بریتی بوون لە: عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمه،‌ ئوسامە نوجێفی، سەرۆكی بەرەی ڕزگاری و پەرەپێدان، جەمال ئەلزاری، ئەمینداری گشتیی پرۆژەی نیشتمانیی عیراقی، نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح، د. حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانیی نەسڕ، د. نەسسار ئەلڕوبەیعی، سەرۆكی دەستەی سیاسیی ڕەوتی سەدر و ئەندامانی دەستەكە.

ڕاگەیەنراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستاندا ئاماژە بەوە دەكات لە كۆبوونەوەكاندا ڕاشكاوانە و بە كراوەیی دۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنیی عیراق و ئاڵنگارییە‌ جیاجیاكانی بەردەم وڵات، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆی نێوانیان بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكان، مەترسییەكانی تیرۆر و هەڕەشەكانی داعش، پەیوەندییەكانی عیراق و وڵاتانی ناوچەكە و جیهان، هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عیراق و دۆخی ناوچەكە بەگشتی، تاووتوێكران.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاسی هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان لایەنە عیراقییەكانی كرد بۆ پەسندكردنی بودجەی عیراق و هیوای خواست ئەوە سەرەتایەك بێت بۆ هەنگاونان بەرەو چارەسەركردنی كێشەكانی تری عیراق بەگشتی و كێشەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی عیراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئامادەیی و خواستی هەرێمی كوردستانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا بە گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستوور دووپات كردووەتەوە، ئاماژەی بەوە كردووە “هەموومان لە عیراق هەڵەمان كردووە، دەبێ بە تێڕوانینێكی تازەی هاوبەشەوە بۆ داهاتوو و بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لاپەڕەیەكی تازە هەڵبدەینەوە و سوود لە ئەزموون و هەڵەكانی ڕابردوو وەربگرین”.

سەقامگیری و پێشكەوتنی عێراق و گەڕانەوەی بۆ پێگەی ئاساییی خۆی، وەك نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی پێكردووە، بە چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانییەوە بەندە و چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستانیش لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ كلیلی سەقامگیری و داهاتوویەكی باشترە بۆ تەواوی عێراق، هەرچەند كێشەكانی عێراق چارەسەر ببن، ئەوەندە بەهێز دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش گرنگە دانیشتن و پەیوەندیی بەردەوام لەنێو لایەنە عێراقییەكاندا هەبێت. رایگەیاندووە “ئەم سەردانەشمان بۆ بەغدا لەسەر ئەم بنەمایەیە و دەمانەوێت لەگەڵ هەموو لایەك لە پەیوەندیی بەردەوامدا بین و دیدار و كۆبوونەوەكان لە بەغدا و هەولێر بەردەوام بن.”

نێچیرڤان بارزانی ڕاشیگەیاندووە، “هێز، ئارامی و سەقامگیریی عیراق پێكەوە بەستراوە، نەوەیەكی تازەی سیاسی لە عیراق دروست بووە و دەبێت بە دانایی و نەرمی مامەڵە‌ لەگەڵ دۆخەكە و ڕووداوەكاندا بكرێت. دەبێت هەمووان لە عیراق پێكەوە بگەینە تێگەیشتنێكی هاوبەش بۆ ئایندەیەكی باشتر و چارەسەركردنی كێشەكان. عیراق خاوەنی سەرچاوەی مرۆیی و سرووشتیی دەوڵەمەندە و دەبێ هەموو لایەن و پێكهاتەكان لە پڕۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا هاوبەش بن و لە ئەرك و مافەكاندا یەكسان بن. عیراق پێویستی بە بەهێزكردنی دامەزراوەكانییەتی و گەلی عیراق لە هەموو شوێنێكی وڵات شایستەی ژیانێكی باشترە و پێشبینیی زیاتری خزمەتگوزاری دەكەن، حەز دەكەین هەموو عیراق پێشكەوتوو بێت”.

لە ڕاگەیەنراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستاندا هاتووە لە كۆبوونەوەكاندا لایەنە عیراقییەكانیش سوپاسی سەردانی نێچیرڤان بارزانییان بۆ بەغدا كردووە و دیدار و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ سەركردە و هێز و لایەنە سیاسییەكان‌ بە گرنگ لەڕووی كاتەوە، هەروەها بە دەستپێشخەری و هەنگاوێكی ئەرێنی لە قەڵەمدا و هیوایان خواست ببێتە دەرفەتێك بۆ گفتوگۆیەكی جددیی لایەنەكان لەسەر كێشە‌ و گرفتەكانی عیراق و هاوكاری و هەماهەنگیی نێوانیان بۆ چۆنیەتیی چاسەرەكردنیان و قوڵكردنەوەی هاوبەشی لەنێوان هەموواندا.