سەردێر

پۆلیسی سلێمانی: كەسێكمان دەستگیركرد بەتۆمەتی كوشتن لە هەولێر داواكراوبوو

خەڵك

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی وارماوای سەربەبەشی پۆلیسی شارەزوور تۆمەتبارێكیان بەتۆمەتی كوشتن دەستگیركرد.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردەوە:” پاش ئەوەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر و دادگای لێكۆڵینەوەی دەشتی هەولێر فەرمانی دەستگیركردنی بكوژێك گەیشتە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی كە گومانیان دەكرد تۆمەتبار بەرەو پارێزگای سلێمانی هەڵاتبێت، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سەرجەم بەش و بنكەكانی ڕاسپارد كە بەدواداچوون بكەن بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار”.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە:”دوای بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەكان لەلایەن بنكەی پۆلیسی وارماوای سەر بەبەشی پۆلیسی شارەزوور توانرا تۆمەتبار بناسرێتەوە و دەستگیربكرێت”.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو:”لەئێستادا تۆمەتبار (ب ، ب ، أ ) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 405 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە و دوای تەواوكردنی ڕێكارە یاساییەكان ڕەوانەی دادگای هەولێر دەكرێتەوە”.