سەردێر

وەزارەتی پێشمەرگە دوو لیوای دیكەی بۆ زیادكرا

خەڵك
جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ مەشق و ئۆپراسیۆنەكانی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، دوو لیوای دیكە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە كرایەوە، كە پێشتر 14 لیوا هەبوون و ئێستا بوونە 16 لیوا.

لیوا قارەمان كەمال، جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ مەشق و ئۆپراسیۆنەكانی وەزارەتی پێشمەرگە بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، وەزارەتی پێشمەرگە خاوەنی 14 لیوای هاوبەشە و ئێستا بۆ 16 لیوا زیادی كردووە، كە لە لیواكانی 15 و 17 پێهاتوون.

وتیشی، “لە ئێستادا لیوای 15 فەرمانەكەی دەرچووە و دەستیان بەكار كردووە و لیوای 17ش فەرمانەكەی لەتەواوبووندایە لە ئەنجومەنی وەزیران، كە ئەم دوو لیوایانە پێكهاتەكەی لە زیادە میلاكی 14 لیواكەی پێشتر پێكهاتووە”.

ڕاشیگەیاند، هەر لیوایەك یان هەر هێزێك دوای ئەوەی دەخرێنە ڕیزبەندی لیواكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بەدڵنیاییەوە مووچەكانیان هاوتای مووچەی 14 لیواكەی دیكەی لێ دەكرێت، بەڵام كۆمەڵێك ڕێكاری كارگێری و هونەری پێویستە ئەمەش كاتی دەوێت.