سەردێر

د.بەشیر حەداد ؛ داوادەكات هاوپەیمانی كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق پێكبهێنرێتەوە

خەڵك
جێگری سەرۆكی پەڕلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەردەوام جەختمان لەسەر یەكڕیزی نێو ماڵی كورد و پتەوكردنی پەیوەندی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كردوەتەوە، داوای پێكهێنانەوەی هاوپەیمانی كوردستانی لە پەرلەمانی عێراق دەكات .

د.بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەڕلەمانی عێراق رۆژی پێنجشەممە ٨ی نیسانی ٢٠٢١، لە بەیاننامەیەكدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی سەبارەت بە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكی هەرێم و هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و هیوای خواست ئەو كۆبوونەوەیە ببێتە ھەوێنی یەكڕیزی و یەكدەنگی نێو ماڵی كورد، و دروست كردنەوەی ھاوپەیمانی كوردستانی له پەرلەمانی عێراق.

رایگەیاندوە، بەردەوام جەختیان لەسەر یەكڕیزی نێو ماڵی كورد و پتەوكردنی پەیوەندی نێوان ھێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كردوەتەوە، چونكە یەكڕیزیی نێوان ھێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ھێز و پێگەی كورد و نوێنەرانی كوردستان دەبێت لە بەغدا، و ئەزموونی رابردووشمان سەلماندوویەتی كە تەنیا بە یەكڕیزی و یەك دەنگی دەتوانین خواست و داواكاری و مافی گەلەكەمان بەدەست بھێنین.

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەش بەوە دەكات، ئەوان وەك پەڕلەمانی عێراق بە گرنگییەوە تەماشای پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا دەكەن و لایان گرنگە كە ئەو پەیوەندییە دۆستانە بێت و ھەردوو لا كار بكەن بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان و دەربازكردنی وڵات لەو قەیرانە دارایی و تەندروستیەی تێی كەوتووە.

لەكۆتایی ڕاگەیەنراوەكەیدا ئەوەشخراوەتەڕوو، پێشوازی لە هەڵوێستی حكومەتی هەرێم دەكەن سەبارەت بە دەربڕینی پابەندبوونی خۆی بە جێبەجیكردنی یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠٢١، داواش لە حكومەتی فیدراڵی دەكەین پابەند بێت به یاسای بودجە و تەواوی ماددەكانی وەك خۆی جێبەجێ بكات.



هەلبژاردە

گرنگترینەکان