سەردێر

قوباد تاڵەبانی؛ بەردی بناغەی كارگەی شەكری بیتوێنی دانا

خەڵك
جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی كارگەی شەكری بیتوێنی دانا و ڕایگەیاند حكومەت بەهەموو توانایەوە ئاسانكاریی بۆ هەر كۆمپانیایەك و وەبەرهێنەرێك دەكات پرۆژەی هاوشێوە لە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی جێبەجێ بكات.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران لە وتارێكدا بەبۆنەی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی كارگەی شەكری بیتوێن، ئەمڕۆ 8 نیسان (ئەپریل) ی 2021 كارگەكەی بە پڕۆژەیەكی گەورەی ستراتیژی لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق لە قەڵەمدا و سوپاسی كۆمپانیای ئابورلاند و وەزیری كشتوكاڵ و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانیشی كرد لە سەرخستنی پڕۆژەكە.

جێگری سەرۆك وەزیران لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا ئەم پڕۆژەیەی بە نمونەیەكی باشی پاڵپشتیكردنی حكومەتی هەرێم دایە قەڵەم بۆ كەرتی تایبەت و رایگەیاند، حكومەت بە هەموو توانایەوە هانی وەبەرهێنەران و سەرمایەداران دەدات ڕووبكەنە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی لەپێناو بنیاتنانی ئابوورییەكی بەهێز و سەقامگیر و بەرهەمهێن.

باسی لەوەشكرد، پرۆژەی كارگەی شەكری بیتوێن جگە لەوەی نزیكەی هەشت هەزار هەلی كاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەڕەخسێنێت ، كەرتی كشتوكاڵیش هەنگاوێك دەباتە پێشەوە و وتیشی “ئەمەش هەر ئەو ئامانجەیە كە پێشتر بەڵێنیان دابوو كاری لەسەر بكەین.
هاوكات جەختی لەوەش كردەوە، تەنها بەو پڕۆژەیە ناوەستن و لەگەڵ وەبەرهێنەرانی دیكە خەریكن بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوشێوەی دیكە، بەتایبەت پاش پەسەندكرانی یاسای بودجەی فیدراڵی و پرۆژە یاسای بودجە لەهەرێمی كوردستان دەستكراوەتر دەبن بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی گەورە كە هەم هەلی كاری زیاتر بڕەخسێنێت و هەم ژێرخانی ئابوری بەهێزتر بكات.

ئەوەشی ڕوونكردەوە، دەبێت لە پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵدا ڕەچاوی هەموو پێوەرە ستاندارد و زانستییەكان بكرێت”بۆ ئەوەی هەم زۆرترین و باشترین جۆری بەرهەممان هەبێت و هەم كەمترین زیان بە سامانی خاك و ئاو بگەیەنین”، داواشیكرد لە بەكارهێنانی ئاودا ڕەچاوی باشترین سیستمی ئاودێری بكرێت بۆ ئەوەی كەمترین رێژەی ئاو بە فیڕۆ بچێت.

No description available.

No description available.No description available.