سەردێر

سەرۆكایەتی هەرێم ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

خەڵك

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت ، تاكە ڕێگەی تێپەڕاندنی كێشە و قەیرانەكان و پاراستنی ماف و دەسكەوتەكان و پێگەی دەستووری و فیدراڵیی هەرێم تەبایی و پێكەوەیی و یەكڕیزییە، لەم پێناوەدا بەردەوام دەبین بە چەتری كۆكەرەوەی هەمووان، دەشڵێت،” لە كەشێكی ڕاشكاو و كراوەدا كێشە و نیگەرانییەكان خرانەڕوو”.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 8-4-2021 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا جەختكرایەوە‌، كە دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و دەستەبەركردنی مافە دەستوورییەكان، پاراستنی دەسكەوتەكان و هەنگاونان بۆ ئایندەیەكی باشتر، واقعبینی و هەستكردن بە بەرپرساریەتیی هەمووان، پێكەوەكاركردن، هاوبەشی، تەبایی و یەكڕیزی دەخوازێت .

دەقی راگەیێندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان:

ئەمڕۆ پێنجشەممە 8-4-2021 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە بەڕێزان جێگرانی سەرۆك ئامادەی بوون، بارودۆخی عێراق و ناوچەكە، پەیوەندییه دەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان، سەردانی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بۆ فەرەنسا، ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە هاوكێشە سیاسییە تازەكاندا، پەیوەندییەكانی هەولێڕ ـ بەغدا، دیالۆگی ستراتیژیی ئەمریكا ـ عێراق و بەشداری و ڕۆڵی هەرێمی كوردستان تیایدا، هەڵبژاردنەكانی عێراق، بارودۆخی ناوخۆ و پەیوەندیی نێوان پێكهاتە و لایەنە سیاسییەكان، تاوتوێ كرا.
لە كۆبوونەوەكەدا وێڕای دووپاتكردنەوەی دەستخۆشی و پێزانین بۆ دەستپێشخەریی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و كۆكردنەوەی هێز و لایەنە سیاسییەكان، لە كەشێكی ڕاشكاو و كراوەدا كێشە و نیگەرانییەكان خرانەڕوو و جەخت لە پێویستی و گرنگی یەكڕیزی، تەبایی، گفتوگۆ و لێكگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، كرایەوە.
كۆبوونەوە پەسندكردنی یاسای بودجەی عێراقی بە هەنگاوێكی ئەرێنی لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی عێراق لە قەڵەم دا و هیوای خواست یاساكە جێبەجێ بكرێت و ڕەنگدانەوەی ئەرێنی بەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و دۆخی ئابووریی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە هەبێت و ڕێخۆشكەر بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا لەسەر بنەمای دەستوور و لە چوارچێوەی سیستمی فیدرڵیدا.
لە كۆبوونەوەكەدا جەخت كرایەوە‌ كە دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و دەستەبەركردنی مافە دەستوورییەكان، پاراستنی دەسكەوتەكان و هەنگاونان بۆ ئایندەیەكی باشتر، واقعبینی و هەستكردن بە بەرپرساریەتیی هەمووان، پێكەوەكاركردن، هاوبەشی، تەبایی و یەكڕیزی دەخوازێت و بە گرنگییەوە جەختی لە پرۆسەی چاكسازی و كاركردن بۆ باشتركردنی گوزەر‌انی هاووڵاتیان و پێویستیی پاراستنی ئازادییەكان و ئازادیی ڕادەربڕین و دانانی چوارچێوه و میكانیزمێك بۆ بەردەوامیی ئەم كۆبوونەوانە كردەوە.
سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كرد بۆ بەدەنگەوەهاتنی بانگهێشتەكەیان و سازدانی ئەم كۆبوونەوەیە و دووپاتی كردەوە كە تاكە ڕێگەی تێپەڕاندنی كێشە و قەیرانەكان و پاراستنی ماف و دەسكەوتەكان و پێگەی دەستووری و فیدراڵیی هەرێمی كوردستان، تەبایی و پێكەوەیی و یەكڕیزییە، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانیش لەم پێناوەدا بەردەوام دەبێت و بە چەتری كۆكەرەوەی هەمووان دەمێنێتەوە.