سەردێر

وەزارەتی پێشمەرگە؛ هەموو چالاكییەكانی تایبەت بەمەشقی ڕاگرت

خەڵك
جێگری سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ مەشق و ئۆپراسیۆنەكان ڕایدەگەیەنێت ، بەهۆی زیادبوونی ژمارەی توشبوون بەكۆرۆنا بۆ ماوەی دوو هەفتە مەشق لە وەزارەت ڕاگیران، ئەگەر لەو ماوەیەدا ڕێژەی توشبوون كەمبێتەوە دەست بە مەشقەكان دەكرێتەوە، ئەگەر لە مانگی ڕەمەزانیشدا بێت.

لیوا قارەمان كەمال، جێگری سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ مەشق و ئۆپراسیۆنەكان بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، وەزارەتی پێشمەرگە ساڵانە خشتەی تایبەتی هەیە بۆ مەشق پێكردنی پێشمەرگە ئەمساڵیش ئەو خشتەیە پەیڕەو دەكرێت، كە لە بنكەكانی مەشق ڕاهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگە دەكرێت، مانگی پێشوو سێ فەوجە مەشقیان تەواو كرد.

وتیشی ،”لەبەرنامەدا بوو هەفتەی داهاتوو سێ فەوجی دیكە بۆ سێ بنكەی مەشق ڕەوانە بكرێن، بە پێی ئەو خشتە ساڵانەی پێشتر باسمان كرد، بۆ ئەوەی ڕاهێنانیان پێ بكرێت ، بەڵام بەهۆی هەڵكشانی ژمارەی توشبوون بەكۆرۆنا مەشقەكەیان ڕاگیرا تا كاتێكی نادیار”.

ڕاشیگەیاند، بۆ ماوەی چەند هەفتەیەك بەهۆی كۆرۆناوە سەرجەم مەشقەكان ڕاگیران و چاوەڕێی دۆخی كۆرۆنا دەكەین، ئەگەر لەماوەیەدا ڕێژەكە ڕووی لە كەمبوونەوە كرد ئەوا دەست پێدەكەینەوە.

ئاشكراشیكرد، مەشق بە پێشمەرگەی لیوا و فەوجەكان بەردەوام دەبێت، ئەگەر كۆرۆنا ڕێگر نەبێت لەمانگی ڕەمەزانیشدا بێت ڕاهێنانەكان دەست پێدەكەنەوە .