سەردێر

ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێم و لایەنە سیاسییەكان كۆدەبنەوە

خەڵك-

ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە سەر ئاستی باڵا لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا كۆدەبێتەوە.

بەپێی زانیارییەكان ئەمڕۆ لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستاندا كۆدەبێتەوە.

بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان، یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بەشداری كۆبوونەوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەكەن.

لە كۆبوونەوەكەدا تاووتوێی رێككەوتنی هەرێمی كوردستان و بەغدا پەسەندكردنی بودجەی 2021 و هەڵبژاردنەكان و رەوشی هەرێمی كوردستان دەكرێت.

ئەم كۆبوونەوەیە لە دوای روودانی بارگرژی دێت لە ماوەی رابردوودا لەنێوان لایەنە سیاسییەكان و خراپی پەیوەندییەكانیان بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان.

كۆبوونەوەكە هاوكاتیشە لەگەڵ سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و سەردانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان بە ئەم نزیكانە.