سەردێر

لەسەدا ٦٠ی گەنمی پارێزگای سلێمانی لەناوچوو

سلێمانی – نزار جەزا

 

لەسنووری پارێزگای سلێمانی لەسەدا ٦٠ی گەنمی چێندراو وشکبوون و ئەگەر لەماوەی دوو هەفتەی ئایندەدا بارانی دیکە نەباریت، ئەو گەنمەی دیکەش وشک دەبێت.

شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵ و ئاودێری سلێمانی بە(خەڵک)ی ڕایگەیاند، ئێستا مەترسییەکانی وشکەساڵی گەیشتۆتە ئاستێکی ترسناک، بۆیە بڕیارە هەفتەی ئایندە ڕۆژی دوو شەممە لەوەزارەتی کشتوکاڵ کۆدەبنەوە و هەر پارێزگایەک ڕاپۆرتی خۆی دەبات بۆ خستنەڕووی ئاستی مەترسییەکان و چارەسەرەکان و زیانەکان.

ئەوەشی خستەڕوو، لەسنووری پارێزگای سلێمانی نزیکی ٦٠٠ هەزار دۆنم گەنم و ٢٥٠ هەزار دۆنم جەوت کراوە، ئەگەر لەماوەی ئەم مانگەدا دوو بارانی دیکە نەبارێت، ئەو بەرهەمە کشتوکاڵیانە ناتوانێت برشت بدات، ئەوکاتەش هەموو بنەتۆو و کێڵان دەرمان و ماندووبنی دەبیتە زیان، لەدواتریش ئەمساڵ بەرهەم نابێت.

ئاشکراشیکرد، لەسنووری گەرمیان، کفری و کەلار تاکو باوەنور هەموو گەنمەکەی وشک بووە، کە زیاتر لە٣٦٠ هەزار دۆنم دەبێت، بەڵام لەباوەنوور گەنم هێشتا سەوزە.

ڕوونیکردەوە، ئاستی ئاوی ژێر زەوی دابەزیوە، ئەگەر باران نەبارێت کانیاوەکانیش ناتەقەن و بەشێکیان وشکدەبن، دواتریش کاریگەری لەسەر سەوزەوات و میوەهاتیش دەبێت.

وتیشی: ئەگەر بارانی تەواو نەبارێت، زیانەکان بە سەدان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، بەڵام هیوایەک هەیە، بەڵکو لەم دوو هەفتەیەدا دوو بارانی دیکە ببارێت.

ئەوەشی باسکرد، بۆ چارەسەری گەنم تازە هیچ ناکرێت، ئەگەر باران نەبارێت هەمووی وشک دەبێت، چونکە سەدان هەزار دۆنمە و حکومەت توانای ئەوەی نییە، بەڵام ئەوەی حکومەتی هەرێم دەتوانێت بیکات چارەسەرە بۆ لەوەڕگاکان و چۆڵنەکردنی لادێکان و هەندێک بابەتی دیکە، کە لەکۆبوونەوەی هەفتەی ئایندەدا باسی لێدەکەن.

 

ئەمە لەکاتێکدایە ئەمساڵ باران دواکەوتووە و مەترسییەکانی وشکەساڵی لەئێستاوە دەرکەوتوون و جوتیارانیش ترسێکی زۆریان لێنیشتووە لەوەی بەرهەمکانیان وشکببێت.