سەردێر

وەزارەتی كشتوكاڵ؛ ئامادەكاری بۆ وشكەساڵی و دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوەكان دەكات

خەڵك
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم كۆبونەوەیەكی تایبەت بە دیراسەی ڕووبەڕووبونەوەی ئەگەری ووشكە ساڵی بەڕێوە دەچێت، ڕێگە چارەی گونجاو بۆ هاوكاری و پاڵپشتی جوتیاران و ڕووبەڕووبونەوەی قەیرانی وشكەساڵی گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت.
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە6/4/2021 بەسەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی، بەئامادەبوونی بریكار و راوێژكار و ژمارەیەك لەبەڕێوەبەرانی گشتی و نوێنەری لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمان و یەكێتی جوتیاران كۆبونەوەیەكی تایبەت بە هەنگاوەكانی ڕووبەڕووبونەوەی ووشكەساڵی و كەمبونەوەی سەرچاوەكانی ئاوی بەنداوەكان و ڕێژەی بارانبارین كرد.

لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ و خستنەڕووی سەرجەم سەرنج و بۆچوونەكان و خوێندنەوەیەك بۆ ئەگەری وشكەساڵی و دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوەكان و خستنەڕووی دۆخی مەترسیەكان كرا و ئاماژە بۆ ڕێگە چارەی گونجاو بۆ هاوكاری و پاڵپشتی جوتیاران و ڕووبەڕووبونەوەی قەیرانی وشكەساڵی خرایەڕوو.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، بۆ گەڵاڵەكردنی سەرجەم بۆچوونەكانی ئامادەبووان وەزیری كشتوكاڵ سەرجەم فەرمانگەكانی وەزارەتی ڕاسپارد، كە راپۆرتێكی تێروتەسەلی خۆیان ئامادە بكەن بۆ كۆبونەوەی ئەنجومەنی راوێژكاری، كە وابڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەنجام بدرێ بۆ چۆنیەتی ئامادەكردنی ئەم راپۆرتانە داواكراوە، كە جەخت بكرێتەوە لە سەر داتا و زانیاری و پێشنیاری گونجاو و ئاماژەدان بە پێشبینی و خەملاندنی بەرهەم و ڕووبەری زەوی و سامانی ئاژەڵ.

ئەمە لەكاتێكدایە ، بڕیارە لە كۆبونەوەی فراوانی ئەنجومەنی راوێژكاری بە بەبەشداری چەندین پسپۆڕی شارەزا، دوای دیراسەكردن و یەكخستنی سەرجەم سەرنج و داواكاری و پێشبینیەكان، بەراپۆرتێكی گشتگیر درافتی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران پێشكەش بكرێت بۆ مەبەستی پێكهێنانی لێژنەیەكی باڵا و بڕیاردانی كۆتای لەسەر چۆنیەتی جێبەجێكردنی پلان و بەرنامەی ڕووبەڕووبونەوەی ئەگەری ووشكەساڵی لە هەرێمی كوردستان.