سەردێر

ئەمساڵ نرخی عومرە دوو هێندەی ساڵانی پێشوو زیادی كردووە

خەڵك
وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت ، بەهۆی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر و خۆپارێزی لەكۆرۆنا نرخی عومرە كردن بۆ ئەمساڵ زیادی كردووە، دەشڵێت،” وەزارەت بەرپرس نیە لەدانانی نرخ تەنها سەرپەرشتی كارگێری و هونەری پڕۆسەكە دەكات”.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی هەرێم بە( خەڵك) رایگەیاند، وەزارەت هیچ كارێكی بەسەر دانانی نرخی عومرە وە نیە و كۆمپانیاكانی گەشتی عومرە لە سعودیە نرخ دادەنێن و دواتر لە ڕێگەی بریكارەكانیانەوە عومرەكار بۆ خۆیان دەدۆزنەوە، تەنها چاودێری و سەرپەرشتی كارگێری و هونەری پڕۆسەكە دەكات .

وتیشی ،”بۆ ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی كۆمپانیاكانی عومرە خزمەتگوزاری زیاتر پێشكەش دەكەن ، بەهۆی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، نرخەكان زیاتر بووە دوو هێندەی، ساڵانی پێش كۆرۆنای لێهاتووە، كە پێشتر بە 750 دۆلار عومرە دەكرا، ئێستا بۆتە هەزار و 350 دۆلار، كە لە هۆیەكانی گواستنەوە و حەوانەوە ڕەچاوی دۆخی كۆرۆنا دەكرێت ئەمەش لەسەر عومرەكار حساب دەكرێت”.

ڕاشیگەیاند، لە ٢١ی ئادارەوە گەشتی عومرە لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ سعودیە دەستی پێكردووە و تا ئێستا ٣ گەشت ئەنجام دراون ، تا نزیك مانگێكی دوای جەژنی ڕەمەزان عومەرە بەردەوام دەبێت.

ئاشكراشیكرد، ساڵانی پێشوو لە رێگەی نزیكەی ١٠٠ كۆمپانیاوە ٢٦ هەزار كەس بۆ ئەنجامدانی گەشتی عومرە لە هەرێمی كوردستانەوە سەردانی سعودیەیان دەكرد، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی گرانبوونی نرخی گەشت و بڵاوبونەوەی كۆرۆنا پێشبینی دەكرێت كەمتر لە نیوەی ئەو ژمارەیە گەشتی عومرە ئەنجام بدەن.

 



هەلبژاردە

گرنگترینەکان