سەردێر

حەشدی ئێزدی: ترسی ئەوە هەیە توركیا شنگال داگيربكات

خەڵك-
سەركردەیەك لە حەشدی ئێزدی، مەترسی خۆی دەخاتەڕوو لە داگیركردنی قەزای شنگال لەلایەن توركیا، ڕەتیشیدەكاتەوە هیچ جموجۆڵێكی ناسروشتی حەشد لە شرینی سنوری لەگەڵ سوریادا هەبێت.

میدیاكانی عیراق لە زاری عارف شنگالی، سەركردە لە حەشدی ئێزی بڵاویان كردەوە”ڕەوشەكە سەقامگیر و ئاساییە، هیچ جموجۆڵێكی ناسروشتی نییە، تەنیا ترسی ئەوە هەیە توركیا دەست بەسەر قەزای شنگالدا بگرێت، بۆیە لەئێستادا ئامادەكاریی بۆ ئەو مەسەلەیە دەكرێت”.

بە وتەی شنگالی”هێزە ئەمریكاییەكان لە قەزای شنگال، یان گوندەكانی دەوروبەر بونیان نییە، لەئێستاشدا ڕەوشەكە زۆر ئارامە”.

هەندێك لە میدیاكان باسیان لە بوونی بڵاوبوونەوەیەكی سەربازی و جموجۆڵی ناسروشتی كردبوو لەسەر سنورەكانی سوریا، لەگەڵ هاتووچۆی فڕۆكەكانی ئەمریكا بەسەر ئاسمانی ناوچەكانی خۆرئاوای نەینەوا.

پێشتر ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی توركی لە زاری خەلوسی ئاكار، وەزیری بەرگری وڵاتەكەوە بڵاویكردبۆوە”توركیا چاوەڕوانی ئەوە دەكات كە پێویستە لەدژی پارتی كرێكارانی كوردستان لە هەردوو قەزای شنگال و مەخمور لە باكووری عیراق ئەنجامی بدات، وڵاتەكەی چاوەڕوانی ئەوەیە عیراقییەكان ئەركی سەرشانی خۆیان بەجێبگەیەنن لەو ڕووەوە.
بە وتەی ئاكار”لە سۆنگەی هێرشبردنەوە بەردەوام دەبین لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان، تا ئەو كاتەی دوایین تیرۆریست لەناودەبەین لەپێناو ڕزگاركردنی گەلەكەمان لە ئافاتی تیرۆر ە پاراستنی ئاسایشی وڵات”.