سەردێر

ڕانیە؛ دایك و كچێك لەسەر دزینی كەل و پەلی جوانكاری دەستگیركران

خەڵك
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایدەگەیەنێت، دایك و كچێك بەتۆمەتی دزینی كەل و پەلی جوانكاری دەستگیركران ، كچەكە تەمەنی 18 ساڵە و هەردوو تۆمەتبارەكە ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لە ڕوداوەكە بەردەوامە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی هاووڵاتیەك سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی ڕاپەڕینی كرد بەمەبەستی تۆماركردنی سكاڵا لەسەر چەند كەسێك، كە بەوتەی خۆی دزیان لێكردوە لە دوكانەكەی لەناو بازاری رانیە.
ئاماژەبۆ ئەوەشكراوە، كە دوای بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری پێویست دەركەوت، كە چەند ژنێك بەبیانوی كڕینی كەل و پەلی جوانكاری چونەتە دوكانی سكاڵاكار و چەند پارچەیەك لە كەل و پەلی جوانكاریان دزیوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، دوای بەدەستهێنانی بڕیاری دادوەر، توانرا لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی ڕاپەڕین شوێنی نیشتەجێ بوونی تۆمەتباران بدۆزرێتەوە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر بە دەستگیركردنی تۆمەتباران، توانرا لەهەمان كاتدا دوو تۆمەتبار دەستگیر بكرێت.

ئاشكراشیكردووە، دوو تۆمەتبارەكانیش دایك و كچ بوون كە كچەكە تەمەنی لە سەرووی ١٨ ساڵە و وە لەكاتی لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا دانیان نا بە تاوانەكەیان و لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر بە پێی ماددەی (٤٤٦) لە یاسای سزادانی عێڕاقی هەردوو تۆمەتبارەكە ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لە ڕوداوەكە بەردەوامە.