سەردێر

گازە ژەهراوییەكە هیچ مەترسییەك دروست ناكات

كەشناسی هەرێم: گازە ژەهراوییەكە لە هیچ شوێنێك كێشەی دروست نەكردووە

خەڵك

دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی عێراق بڵاویكردەوە كە بەهۆی بوركانەكانی وڵاتی ئیتاڵیاوە دەگاتە هەرێمی كوردستان كە دوانە ئۆكسیدی گۆگردە كاردانەوەی لێكەوتەوەو بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن لە كەشناسی هەرێمیش دەڵێتت هیچ مەترسییەك لە ئارادانییەو ئەو بابەتە گەورە كراوە.

ئەژی چەتۆ، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی هەرێم بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، ئەو بابەتە زۆر گەورە كراوەو لە سنووری خۆی دەرچووە ڕاستە بوركانی ئەتنا لە سقلییە
زۆر چالاكەو بەردەوام ئەو فڕێدانەی هەیە كە نەك تەنها گازی دوانەئۆكسیدی كبریت، بەڵكو چەند جۆرێكی دیكەش گازی تێدایە.

وتیشی، ئەو گازە چەند ڕۆژێكە لەسەر فەڵەستین و لوبنان و ئوردنە بەڵام هیچ كام لەو وڵاتانە هیچ كێشەیەكیان ڕانەگەیاندووە لەبەر ئەوەی باران نەباریوە، چونكە كاتێك ئەو گازە لەگەڵ باران تێكەڵدەبێت كێشە بۆ تەندروستی مرۆڤ و ژینگەو كشتوكاڵ دروستدەكات.
دەشڵێت، كەشناسی عێراق بە هەڵە لێكدانەوەیان بۆ كردووەو ئەوە كاری ئەوان نییە قسەی لەسەر بكەن، بەڵكو كاری دەستەی ژینگەیە كە لە ڕێگەی وێستگەكانی تایبەت بە پێوانەكردنی كۆنتڕۆڵی هەوا ئەگەر حاڵەتێكی مەترسیدار هەبێت بڵاویدەكەنەوەو تاك و ئێستاش هیچ مەترسیەك دروست نەبووە.

وتیشی، لەگەڵ ئەوەی هیواخوازی بارانین بەڵام وەك ئەوەی كە باران مەترسی دروستدەكات لەگەڵ ئەو گازە بەلایەنی كەمەوە هەتا 3 ڕۆژی دیكە باران لە هەرێم نابارێت و بەو پێیەی خێرایی با ئاڕاستەی خۆی دەگۆڕێت پێدەچێت ئەو گازە هەر بوونی نەمێنێت لەناوچەكەدا.