سەردێر

پرۆژەی دەستوور سەرهەڵدەداتەوە

"لە غیابی ئۆپۆزسیۆندا دەستوور بە دڵی دەسەڵات دەنووسرێتەوە"

خەڵك

وادەیەك دەدرێتە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی سەرنج و پێشنیارەكانیان سەبارەت بە نوسینەوەی دەستوور بدەنە پەڕلەمان و تائێستاش 73 ماددەی ئەو دەستوورە نوسراوەتەوە.

سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن لە پەرلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، سەرۆكایەتی پەڕلەمانی كوردستان لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكان كۆبووەوە و گفتوگۆ لەبارەی نوسینەوەی دەستوور و شێوازی نوسینەوەكەی كرا و ماوەیەكیش درا بە لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەوەی سەرنج و پێشنیارەكانیان لەڕێگەی حزبەوە بگەیەننە پەڕلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی كۆدەنگییەكی تەواو سەبارەت بە نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان دروست ببێت.

وتیشی، لە خولی پێشووی پەرلەماندا لیژنەیەك بۆ ئامادەكردن و نوسینەوەی ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان پێكهاتبوو نزیكەی 73 ماددەی تێدا نوسراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە خولی پێنجەمی پەرلەمان كاری لەپێشینەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بریتی بووە لە نووسینەوەی دەستوور بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لەم خولی پێنجەمەدا بێتە خاوەنی دەستووری خۆی .

چاودێران:
كاتێكی گونجاوە بۆ یەكلاكردنەوەی پرۆژەی دەستوور بەهۆی ئەوەی ئۆپۆزسیۆنێكی كارا نییە

پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان لە ماوەی چەند خولی پەرلەمانی كوردستان بەهۆی ناكۆكی لایەنە سیاسییەكانەوە بە ئەنجام نەگەیشتووە.

لایەنەكان لەسەر چەند پرسێكى نێو دەستووری لە رابردوودا ناكۆكی توندیان هەبووە، بەتایبەت سیستمی سیاسی هەرێمی كوردستان.

لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا زۆرترین ناكۆكی لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕاندا بووە لەسەر پرسی سیستمی سیاسی كە گۆڕان خوازیاری سیستمی پەرلەمانی و پارتی خوازیاری سیستمی سەرۆكایەتی یان نیمچە سەرۆكایەتی بووە.

چاودێران ئەم كاتە بە گونجاو دەزانن بۆ پرسی تەواوكردنی پرۆژەی دەستووری هەرێم بەهۆی باڵادەستبوونی پارتی دیموكراتی كوردستان و توانای ئەو حزبە لە یەكلاكردنەوەی زۆرینەی پرسەكان و نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێكی كارا، بەڵام گومانیان لەشێواز و نێوەرۆكی دەستوور هەیە كە رەنگە بەدڵی پارتی خۆی بنووسرێـتەوە نەك هەموو لایەنەكان.