سەردێر

ڕێزان شێخ دلێر: هەرێم پابەند نەبێت عیراق لێ ناگەڕێت سەربەخۆیانە نەوت بفرۆشێت

خەڵك-
ئەندامێكی پەڕلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر هەرێمی كوردستان پابەند نەبێت بە ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ عیراق ئەوا حكومەتی ئیتیحادی لێناگەڕێت هەرێم سەربەخۆیانە نەوت بفرۆشێت، دەشڵێت: “ئەستەمە بتوانرێت هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و دوور لە ساختەكاری لەمساڵدا ئەنجام بدرێت”.

ڕێزان شێخ دلێر، ئەندامی پەڕلەمانی عێراق بە (دەنگی ئەمریكا)ی ڕاگەیاند، لە ڕێككەوتنەكەدا شەرعیەت دراوە بە فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە، كە پێشتر سكاڵای لەسەر تۆمار دەكرا لەسەر نەوت، بەڵام ڕێككەوتنی ئەمجارە ئەوەیە هەرێم چاوەڕوانی بوو.

ڕاشیگەیاندووە، ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەند نەبێت بەڕێككەوتنەكەوە، بەغداش ڕازی نابێت نەوت بفرۆشێت، بۆیە بەغدا ناهێڵێت هەرێم بە ئارەزووی خۆی نەوت بفرۆشێ، بەبێ پابەندبوون بە ڕێككەوتنەكەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، كە كوتلە عێراقیەكان ناتوانن ڕێگری لەبەردەم ڕێككەوتنەكەی نێوان هەرێم و بەغدا دروست بكەن، چونكە یاساكە حكومەت مولزەم دەكات بە جێبەجێكردنی بڕیارەكە نەك لایەنی سیاسی.

ڕێزان شێخ دلێر، سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە مانگی 10 ی ئەمساڵ، ئاشكراشیكردووە، كە ئەستەمە بتوانرێت هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و دوور لە ساختەكاری لەو وادەیەدا ئەنجام بدرێت، چونكە چەك لەدەستی میلیشیادایە، حكومەت هێشتا باڵادەست نیە بەسەر هەموو عێراقدا، كۆمیسیۆن بێ لایەن نیە.