سەردێر

د.سەباح هەورامی داوایەكی بەپەلە لە حكومەتی هەرێم و عیراق دەكات

خەڵك
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ژمارەی توشبووانی كۆرۆنا لە سلێمانی و سەرجەم پارێزگاكان ڕوو لە زیادبوونە و پلانیان هەیە تەختی نەخۆشانی كۆرۆنا زیاد بكەین داواش لە حكومەتی هەرێم و عێراق دەكات پەلە بكەن لە گەیاندنی ڤاكسین بە هاووڵاتیان.

د.سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ شەممە 3ی نیسانی 2021 ڕایگەیاند، هاوشێوە هەموو شارەكانی دیكەی عیراق و هەرێم ژمارەی توشبووانی كۆرۆنا لە سلێمانی ڕوو لە زیادبوونە و پلانیان هەیە تەختی نەخۆشانی كۆرۆنا زیاد بكەن.
داواشی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق كرد پەلە بكەن لە گەیاندنی ڤاكیسن، چونكە تاكە ڕێگەی سەركەوتنە بەسەر كۆرۆنادا، هەروەها داواشی لە هاووڵاتیان كرد ، كە پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان بن و لەئێستادا ڕێكارەكانی خۆپارێزی بەشێوەیەكی باش جێبەجێدەكرێت.

ڕاشیگەیاند، تائێستا دوو جۆر ڤاكسین هاتوونەتە هەرێم و ئەوەی پشكی سلێمانی بووە سەرجەمیمان دابەشكردووە بەسەر هاووڵاتیاندا و چاوەڕێی بەشێكی دیكە دەكەین كە لە عێراقەوە پێمان بگات.