سەردێر

لێپرسراوێكی ئەمریكی: شەڕڤانان بڕبڕەی پشتی ڕووبەڕووبوونەوەكانی داعش بوون

خەڵك

جێگری نێردەی پێشووی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، ڕایدەگەیەنێت، شەڕڤانانی هێزەكانی سوریای دیموكرات بڕبڕەی پشتی ئەو شەڕانە بوون كە لە سوریا دژی داعش كردوویانە.

ویلیام ڕوباك جێگری نێردەی پێشووی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە چاوپێكەوتنێكدا ڕایگەیاند، “كوردەكان لەگەڵ عەرەبەكانی باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا خۆیان ڕێكخست و هێزەكانی سوریای دیموكراتیان دامەزراند و ئەوەش ئەو هێزە بوو كە لە شەڕی دژ بە داعشدا هاوپەیمانان پشتیان پێبەست”.

وتیشی، ئەو هێزە بۆ تێكشكاندنی داعش زۆر گرنگ بوو. هەسەدە هێزێك بوو كە كورد و عەرەبیشی تێدابوو، بەڵام بەدڵنیاییەوە ژمارەیەك لە لێپرسراوە گرنگەكانی كورد بوون.

ڕوباك باسی لەوەشكرد، شەڕڤانان لە ڕووبەڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا بوێر بوون و “ئامادەی قوربانیدان بوون. لە بواری سەربازیشەوە خاوەن دسپلین بوون. ئەوان شەڕێكی باشیان كرد”.

جێگری نێردەی پێشووی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش جەختیشی كردەوە، لە ئۆپراسیۆنەكانی هاوپەیمانی لە دژی داعش لە سوریا شەڕڤانان بڕبڕەی پشتی شەڕەكە بوون.