سەردێر

هاوسەرۆكی یەكێتی: دوای هەوڵ و فشارێكی زۆر، سەرئەنجام ماندوبوونەكانمان گەیشتە ئەنجام

خەڵك

هاوسەرۆكی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت:”دوای هەوڵ و فشارێكی زۆر، سەرئەنجام ماندوبوونەكانمان گەیشتە ئەنجام و پشكی هەرێم لە بودجە جێگیركرا و هیوادارین ‌حكومەتی هەرێم و ‌حكومەتی فیدراڵ، هەردوولا پابەندبن بە ڕێككەوتنی نێوانیان”.

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە:”دوای هەوڵ و فشارێكی زۆر، سەرئەنجام ماندوبوونەكانمان گەیشتە ئەنجام و توانرا پشكی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ جێگیر بكرێت”.

لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەشداوە:”ئەم هەنگاوە سەرەتایەكی گرنگە بۆ راستكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ‌حكومەتی هەرێم و ‌حكومەتی فیدراڵ، چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولا، لە ناویشیدا دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە بێ لێبڕین و ڕزگاركردنی هاووڵاتییان لە برسێتی و نەهامەتی، كە ماوەیەكی زۆرە لە چاوەڕوانی ئاسۆیەكی گەشدا ماونەتەوە. ئەم دەستكەوتە دیاری و چەپكە گوڵی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانە كە پێشكەش بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی دەكات”.

هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەشڵێت:”لێرەوە دەمەوێت سوپاسی تیمی دانووستانی ‌‌‌‌حكومەتی هەرێم و فراكسیۆنی سەوز و ئەندامانی كورد لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بكەم بۆ پشوودرێژی و هەوڵە بەردەوامەكانیان و گەیشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا. هەروەها بە تایبەتی سوپاسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەكەم كە هاوڕا لەگەڵ ئێمە، بەردەوام جەختیان لەوە كردۆتەوو كە لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای میللەتەكەمان، تاكە چارەسەر ئەوەیە هەردوولا رێكبكەون. سوپاسی هەموو ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی عێراقیش دەكەم كە پشتیوان و هاوكارمان بوون لە جێگیركردنی پشكی هەرێمی كوردستان.

لەكۆتایی نووسینەكەیدا لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەشداوە:”هیوادارین ‌حكومەتی هەرێم و ‌حكومەتی فیدراڵ، هەردوولا پابەندبن بە ڕێككەوتنی نێوانیان وەك ئەوەی كە لە پڕۆژەیاساكەدا جێگیر كراوە و دەنگی لەسەر دراوە و پارێزەری ماف و بەرژەوەندییەكانی گەلانی كوردستان و عێراقە”.