خەڵك
ئەنجومەنی زانكۆی كۆیە لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، خوێندنی وانەكانی بكالۆریۆس لە ناو كەمپەس تا (١٠/ ٤/ ٢٠٢١) ڕادەگیرێت و تاقیكردنەوەكانی وەرزانە و مانگانە دوا دەخرێت بۆ دوای (١٠/ ٤/ ٢٠٢١)، تەنها ئەو وانانەی كە بە ئۆنلاین دەوترێتەوە ئەوا بەردەوام دەبێت و پێویستە مامۆستا بابەتەكە ڕیكۆرد بكات و بۆ سەرۆكی بەش بنێردرێت، بەڵام خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا و ماستەر) وەك خۆی بەردەوام دەبێت.
ئەنجومەنی زانكۆی كۆیە ئاماژی بەوەشداوە، ڕۆژانی پێنج شەممە دەوامی خوێندكاران و فەرمانبەران ڕادەگیرێت وەك ئەوەی لە لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بڕیاری لە سەر دراوە.
دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
بڕیارەكانی كۆبوونەوەی ژمارە (٥)ی نائاسایی ئەنجومەنی زانكۆی كۆیە كە لە ڕێكەوتی (٣١/ ٣/ ٢٠٢١) ئەنجامدرا
ئەنجومەنی زانكۆی كۆیە لە ڕۆژی چوارشەمە ڕێكەوتی (٣١/ ٣/ ٢٠٢١) لە كاتژمێر (١٢:٠٠)ی نیوەڕۆ كۆبوونەوەی ژمارە (٥)ی نائاسایی خۆی ئەنجامدا، بە سەرۆكایەتی بەڕێز (پ.د.وەلی مەحمود حەمەد) سەرۆكی زانكۆی كۆیە و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەن، دوا بەدوای بەخێرهێنانی ئەندامانی ئەنجومەن لە لایەن بەڕێز سەرۆكی زانكۆ، دواتر گفتوگۆ لە سەر بارودۆخی تەندروستی و شەپۆلی تازەی هاتنی كۆرۆنای نوێ خۆسازدان بۆ هەر ئەگەرو پێشهاتێك لە زانكۆمان بەم شێوەیەی خوارەوە:
یەكەم: پابەندبوون بە بریارەكانی لیژنەی باڵای روبەروبونەوەی كۆرۆنا كە لە (٣٠/ ٣/ ٢٠٢١) دەركرا.
دووەم: خوێندنی وانەكانی بكالۆریۆس لە ناو كەمپەس تا (١٠/ ٤/ ٢٠٢١) رادەگیرێت و تاقیكردنەوەكانی وەرزانە و مانگانە دوا دەخرێت بۆ دوای (١٠/ ٤/ ٢٠٢١)، تەنها ئەو وانانەی كە بە ئۆنلاین دەگوترێتەوە ئەوا بەردەوام دەبێت و پێویستە مامۆستا بابەتەكە ریكۆرد بكات و بۆ سەرۆكی بەش بنێردرێت، بەڵام خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا و ماستەر) وەك خۆی بەردەوام دەبێت.
سێیەم: رۆژانی پێنج شەممە دەوامی خوێندكاران و فەرمانبەران رادەگیرێت وەك ئەوەی لە لیژنەی باڵای روبەروبونەوەی كۆرۆنا بریاری لە سەر دراوە.
چوارەم: سەرجەم سیمینارەكان و ۆرك شۆپەكان بە شێوەی فیزیكی دوا دەخرێت بۆ دوای (١٠/ ٤/ ٢٠٢١)، بەڵام ئەوانەی كە دەكرێت بە ئۆنلاین ئەنجام بدرێت رێگە پێدراو دەبێت.
پێنجەم: بۆ سیمیناری توێژینەوەی دەرچوونی خوێندكاران و سیمیناری خوێندكارانی خوێندنی باڵا، دەسەلات دراوەتە بەشەكان كە بە میكانیزمێك و شێوازێك ئەنجامی بدەن (لە ناو كەمپەس و ئۆنلاین) كە رەچاوی رێنمایە تەندروستیەكان بكرێت.
ئەمینداریەتی ئەنجومەنی زانكۆی كۆیە
31/3/2021