سەردێر

هەولێر، كەسوكاریی ئەو كچەی لەنێو وەزارەتی كارەبادا كوژرا ڕوونكردنەوە دەدەن

خەڵك-
كەسوكاریی شادیە عەبدوڵڵا ڕایدەگەیەنن، “خوشكەیان ئەندازیار بووە لە وەزارەتی كارەبا و ماوەی 10 ڕۆژ بووە چووەتە پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە و دەزگیرانداربووە”.

شێرزاد عەبدوڵڵا برای ئەو كچەی ئەمڕۆ لەناو وەزارەتی كارەبادا لە هەولێر كوژرا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”خوشكەكەی من ئەندازیارە لە وەزارەتی كارەبا و ماوەی 10رۆژە دەزگیراندرای پێكهێناوە و ئەمڕۆش لەگەڵ دەزگیرانەكەی رۆشتووە تاوەكو موچەكەی وەربگرێت، كارمەندێك لێیداوە و لە ئەنجامدا گیانیلەدەستداوە،” دەشڵێت، “داوای لە سێدارەدانی بكوژەكە دەكەین و هیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەكان بە دواداچوونی جدی لەبارەی رووداوەكەوە بكەن كە چۆن رێگە دراوە چەك ببریێتە ناو وەزارەتەوە”.

سەبارەت بەوەی بكوژەكە پێشتر چووبێتە خوازبێنی كچە كوژراوەكە براكەی شادیە عەبدوڵڵا وتی”بەڵێ پێشتر هاتووە، بەڵام ئەو بابەتە بە تەواوی داخراوە و هیچ جۆرە پەیوەندییەك لە نێوانیان نەبووە و ئەو دەنگۆیانەشی باس لەوەدەكەن ئێمە ڕەتی دەكەینەوە”.

بە وتەی شێرزاد عەبدوڵڵا”تاوەكو ئێستا بەهۆی مەراسیمی ناشتنی تەرمی خوشكەكەمانەوە نەمانتوانیوە داوای یاسایی لەسەر بكوژەكە تۆمار بكەین و داواكارین لایەنی یاسا تۆڵەمان بكاتەوە و ئێمە هەوڵی تۆڵەكردنەوەش نادەین رێكاری یاسایی دەگرینەبەر”.

بە وتەی براكەی شادیە عەبدوڵڵا”خوشكەكەیان تەمەنی 33 ساڵە و ئەندازیاری كارەبا بووە و ماوەی پێنج بۆ شەش ساڵە لە وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزراوە”.