سەردێر

شەش جۆری كۆرۆنا دەستنیشانكرا

خەڵك – تەندروستى

ژمارەیەك زانای بەریتانی لە لێكۆڵینەوەیەكدا ئاشكرایانكرد، كە توانیویانە شەش جۆری ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستنیشان بكەن، كە دەبێتە هۆی دەركەوتنی نیشانەی جیاواز لای ئەو كەسانەی تووشی دەبن، كە ئەو لێكۆڵینەوەیە لەلایەن زانكۆی كینگز كۆلیژ لە بەریتانیا ئەنجام دراوە و سوودمەند دەبێت بۆ پزیشكان و یارمەتیدەر دەبێت لەدیاریكردنی چارەسەری سەركەوتوو بۆ تووشبووانی كۆرۆنا.

بەپێی ئەو لێكۆڵینەوەیە كۆكەی بەردەوام و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و لەدەستدانی هەستی بۆنكردن بەدیارترین نیشانەكانی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا دادەنرێت، بەڵام هەندێك تووشبوو ئەو نیشانانەیان لەسەر دەرناكەوێت و پێدەچێت نیشانەی جیاوازیان تێدا دەربكەوێت لەوانە سەرئێشە و ئازاری ماسولكەكان و سكچوون و لەدەستدانی ئارەزووی خواردن و لەدەستدانی توانای هەناسەدان بەشێوەیەكی سروشتی.

یەكەم جۆری ڤایرۆسی كۆرۆنا

هاوشێوەی ئەنفلۆنزایە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەگەڵ نیە و نیشانەكانی بریتیە لە سەرئێشە و لەدەستدانی هەستی بۆنكردن و ئازاری ماسولكە و هەوكردنی قوڕگ و بوونی ئازار لەسنگ.

جۆری دووەمی ڤایرۆسی كۆرۆنا

بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەگەڵدایە و نیشانەكانی بریتیە لەسەرئێشە و لەدەستدانی هەستی بۆنكردن و ئارەزووی خواردن و كۆكە و هەوكردنی قوڕگ لەگەڵ گۆڕانكاریی لەدەنگ.

جۆری سێیەمى ڤایرۆسی كۆرۆنا

پەیوەندی هەیە بەكۆئەندامی هەرسەوە و نیشانەی وەك سەرئێشە و لەدەستدانی هەستی بۆنكردن و نەمانی ئارەزووی خواردن و سكچوون و ئازاری سنگی لەگەڵ دەبێت و تووشبوو كۆكەی نابێت.

جۆری چوارەمی ڤایرۆسی كۆرۆنا

زانایانی بەریتانی جۆری چوارەمیان بە قۆناغی مەترسیداری یەكەم داناوە،  نیشانەكانی بریتیە لەسەرئێشە و لەدەستدانی هەستی بۆنكردن و ئازاری سنگ و هەستكردن بەهیلاكی.

جۆری پێنجەمى ڤایرۆسی كۆرۆنا 

بەقۆناغی مەترسیداری دووەم دەست نیشانكراوە و نیشانەكانی بریتیە لە سەرئێشە و لەدەستدانی هەستی بۆنكردن و كۆكە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و گۆڕانی دەنگ و هەوكردنی قوڕگ و ئازاری سنگ و هەستكردن بەهیلاكی و تێكچوون و ئازاری ماسولكە.

جۆری شەشەمی ڤایرۆسی كۆرۆنا  

زانایانی بەریتانی جۆری شەشەمیان بە قۆناغی مەترسیداری سێیەم ناوبردووە، كە بریتیە لەكۆبونەوەی پشێوی لەكۆئەندامی هەناسە و هەرسكردن و نیشانەكانی بریتیە لە سەرئێشە و لەدەستدانی هەستی بۆنكردن و ئارەزووی خواردن و كۆكە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و هەوكردنی قوڕگ و ئازاری سنگ و هیلاكی و ئازاری ماسولكە و لاوازی هەناسەدان و سكچوون و ئازاری سك.

نیشانەكانی تووشبوون بەكۆرۆنا لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و هەندێك تووشبوو بارودۆخی تەندروستیان تێك دەچێت و هەندێكیان گیان لەدەست دەدەن بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە.

زانایان رایانگەیاندووە، تەنیا 1.5% تووشبووانی جۆری یەكەم پێویستیان بەئامێری هەناسەدانی دەستكرد هەبووە و ئەو رێژەیە لای تووشبووانی جۆری چوارەم لە 8.6% بووە، بەڵام تووشبووانی جۆری شەشەم كە مەترسیدارترینە نیوەیان پێویستیان بەچاودێری هەبووە لەنەخۆشخانە.