سەردێر

بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێم: پلانمان بۆ ئەنجامدانی زیاتر لە ٨٠ پڕۆژەی ستراتیژی داناوە

خەڵك

بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەپێی ئەو پلان و بەرنامەیەی دایانناوە بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژە لە بواری ئاو و ئاوەڕۆ، بڕیارە بۆ ئەمساڵ ٨٣ پڕۆژەی ستراتیژی و نزیكەی ٣٠٠ پڕۆژەی ئاسایی جێبەجێ بكرێن كە ئەو پڕۆژانە گرنگی و سوودی زۆریان بۆ ھەرێمی كوردستان دەبێت.

ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە: “حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ ھەموو ھەرێمی كوردستان زیاتر لە ٣٠٠ ملیار دیناری تەرخان كردووە و ئێمەش چاوەڕێین بزانین كەی ئەو پارەیە خەرج دەكرێت، جا لە ڕێگەی وەزارەتەوە بێت، یاخود لە ڕێگەی پارێزگاكانەوە بێت.”

ئاری ئەحمەد وتیشی: “ئێمە وەكو بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ھەرێمی كوردستان دەرخستەمان ئامادە كردووە بۆ ئەمساڵ بۆ ئەوەی ٨٣ پڕۆژەی ستراتیژی لە ھەرێمی كوردستان جێبەجێ بكەین كە پڕۆژەی زۆر گەورەن و چاوەڕێ دەكەین حكومەت پارەمان بۆ خەرج بكات و دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان بكەین.”

بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی كوردستان ڕوونیشی كردەوە: “پلانمان بۆ نزیكەی ٣٠٠ پڕۆژەی ئاساییش داڕشتووە و ئەولەویەتمان بۆ ئەو پڕۆژانە داناوە، ھەركاتێك دەرفەت ڕەخسا دەست بە جێبەجێكردنیان دەكەین”.