خەڵك
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت، لە بەر چەند هۆكارێك ئەنجومەنەكە نەیتوانیوە وەكو پێویست كاروچالاكی و كۆبونەوەكانی ئەنجامبدات، ئاماژەبەوەشدەكات كە دوای دەستبەكاربوونی ئەم خولەی ئەنجومەن لە 2014ەوە هیچ بودجەیەكی پەرەپێدان بۆ ئەنجومەنی نەهاتووە.
سازگار دڵشاد ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی ڕاگەیاند:”لەگەڵ ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بەباشی كارەكانی خۆی ئەنجامداوە و لە پەیوەندی بەردەوام دایە لەگەڵ حكومەتی خۆجێی پارێزگاكە، بەڵام چەند هۆكارێك وایكردووە ئەنجومەنەكە نەتوانێت بە ئەركی تەواوی خۆی هەڵسێت و كۆبوونەوەكان ئەنجامبدات”.
سازگار دڵشاد وتیشی:”یەكێك لەو هۆكارانە دۆخی تەندروستی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە، كەلە ماوەی ڕابردوو بەهۆی ڕێكارەكانی خۆپارێزی هەروەها بەهۆی تووشبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەن بەو ڤایرۆسە و گیانلەدەستدانی ئەندامێكمان نەتوانراوە وەك پێویست بپرژێینە سەر كۆبوونەوە و كارو چالاكییەكانمان”.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ڕاشیگەیاند:”هۆكارێكی تری كەمی كاروچالاكییەكانمان بۆ نەبوونی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان دەگەڕێتەوە، كە دوای دەست بەكاربوونی ئەم خولەی ئەنجومەن لە2014ەوە هیچ بودجەیەكی پەرەپێدان بۆ ئەنجومەنی نەهاتووە، بۆیە هەركاتێك بودجەی پەرەپێدان لەبودجەی گشتی ئەمساڵی عیراق بگاتە هەرێم بە تەئكید ئەنجومەنی پارێزگا كاروچالاكی و بەرپرسیاریەتی زیاتر دەبێت لەئێستا”.
ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای هەلێر ئاماژەی بەوەشكرد: بەگوێرەی یاسای ژمار 3ی ساڵی 2009ی پەرلەمانی كوردستان پێویستە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا بێتە ئەنجومەنی پارێزگاو لەوێوە دەنگی لەسەر بدرێت، واتا بەئاگاداری ئەنجومەنی پارێزگا پارە بۆ پڕۆژە و كاروچالاكییەكانی حكومەتی خۆجێی تەرخان دەكرێت.
سازگار دڵشاد ئەوەشی خستەڕوو: لەحاڵەتی نەهێنانی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا بۆ ئەنجومەن ئەوا پێشێلكردنی یاسایە و هەركاتێك ئەوە ڕووبدات حكومەتی خۆجێی دەكەوێتە ژێر بەرپرسیارییەتی یاسایەوە.