سەردێر

بەشیر حەداد؛ دەستكاریكردنی ڕێكەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بودجە ڕەتدەكەینەوە

خەڵك
جێگری سەرۆكی پەڕلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، پشكی هەرێم بەتەنها كێشە نیە بۆ تێپەڕاندنی بودجە هەندێك شتی دیكە ڕێگری لە تێپەڕاندنی بودجە دەكات و كورد بەو دەقە ڕازیبەكە، كە پێشتر لە لایەن لیژنەی داراییەوە دەنگی لەسەر دراوە.

بەشیر حەداد ، جێگری سەرۆكی پەڕلەمانی عیراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا لەسەر بودجەی گشتی عیراق باس لەو كێشە و گرفتانە كرا، كە بوونەتە ڕێگر لە تێپەڕاندنی بودجە، داوامانكرد هەرچی زووە لەلایەن لیژنەی داراییەوە داواكارییەكان بخرێتە ناو ڕاپۆرتەكانی خۆیان.

وتیشی،”هەندێك داواكاریی و گرفت هەیە، كە بوونەتە ڕێگر لە تێپەڕاندنی بودجە، بەتەنها پشكی هەرێم ئاستەنگی بۆ سەر بودجە دروست نەكردووە، هەندێك لایەنە خوازیاری ئەوەن عیراق ئەمساڵ بودجەی نەبێت و گرفتی بۆ دروست دەكەن، هەرێم بەو دەقە ڕازییە كە دەنگی لەسەر دراوە ، هەرجۆرە دەستكارییەكی دەقەكە ڕەتی دەكەینەوە”.

ڕاشیگەیاند، نەخشەی مووچەی فەرمانبەران دادپەروەری تێدا نیە، بەجۆرێك فەرمانبەرێك لە وەزارەتێك مووچەكەیەكی زۆر وەردەگرێ، بەڵام فەرمانبەرێكی دیكە لە وەزارەتەتێكی دیكە مووچەكەی كەمە ئەمە زیاتر لە فەرمانبەرانی سەرۆكایەتییەكان بوونی هەیە، ئەمەش ڕێگرێكی دیكەی بودجەیە، داوا دەكرێت ڕێكبخرێتەوە.

ئاشكراشیكرد، پێویستە هەر ئەمڕۆ كۆتایی بە گفتوگۆكانی لەسەر پرۆژە یاسای بودجە بێت، چونكە ئەگەر دەنگدان لەسەر بودجە لەوە زیاتر دوا بكەوێت، لەبایەخی پەڕلەمان كەم دەكاتەوە.

باسی لەوەشكرد، سبەینێ پێش دانیشتنەكان كۆبونەوەی سەرۆك فراكسیۆنەكان دەكرێت و دواتر پەڕلەمان كۆدەبێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر بودجەی عیراق ، بەڵام هەموو شتێك بەدەست سەرۆكایەتی پەڕلەمان نیە، ئەگەر نیساب تەواو نەبوو ئەوا كۆبونەوە ناكرێت .

ئەوەشیختەڕوو، حكومەت و لیژنەی دارایی لەگەڵ دابەزاندنی دۆلارن، بەڵام وەك چۆن لەكاتی بەرزبوونەوەی زیانێكی زۆری لە خەڵكدا دابەزاندنیشی بەهەمان شێوە دەبێت، بۆیە ڕەنگە لیژنەیەك پێك بێت بۆ ئەوەی دراسەی دابەزاندنی دۆلار بەمەرجێك ئەمجارە كەس زیان نەكات .

 



هەلبژاردە

گرنگترینەکان