سەردێر

ئێران وادەی داخستنی سنوورەكانی لەگەڵ عیراق و هەرێم درێژكردەوە

خەڵك

حكومەتی ئێران داخستنی سنوورەكانی خۆی لە گەڵ عیراق و هەرێم درێژكردەوە و بڕیارەكەش تەنها هاتووچۆی گەشتیاران دەگرێتەوە.

حسێن قاسمی بەڕێوەبەری گشتی كاروباری سنوور لەوەزارەتی ناوخۆی ئێران ئاشكرایكرد، لیژنەی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا لەئێران بڕیاریداوە بەدرێژكردنەوەی ماوەی داخستنی سنوورەكانی لەگەڵ عیراق.

ڕوونیشی كردووەتەوە، “ئەو بڕیارەش دوای ئەوەدێت لەپارێزگای خوزستان ژمارەی تووشبوون بەكۆرۆنای گۆڕاو زیادیكردووە و دەریشكەوتووە لەعیراقەوە بۆی گوازراوەتەوە”.

بەڕێوەبەری گشتی كاروباری سنوور لەوەزارەتی ناوخۆی ئێران ئاشكراشیكرد، “تا ڕۆژی 4ی نیسان سنوورەكانی نێوان ئێران ‌و عیراق بەداخراوی دەمێنێتەوە، بەڵام ئەوانەی كاردەكەن دەتوانن بچنە عیراق‌ و هەرێمی كوردستانیش”.

حسێن قاسمی جەختیشی كردەوە، كە جوڵەی بازرگانی وەك پێشتر و بە گرتنەبەری ڕێكارە خۆپارێزییەكان لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت.