سەردێر

عەبدوڵا ئۆجەلان پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ برا گەورەكەی ئەنجامدەدات

خەڵك

پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەڕێگەی نووسینگەكەیان، نووسینگەی یاسایی سەدە، ڕاگەیەنراوێكیان بڵاوكردەوە و ئاشكرایان كرد، پەیوەندیی تەلەفۆنیی كورتخایەن لەنێوان محەمەد ئۆجەلان و عەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجامدراوە.

نووسینگەی یاسایی سەدە لە ڕاگەیەنراوەكەیدا دەڵێت، “محەمەد ئۆجەلان، برا گەورەی بریكارمان عەبدوڵا ئۆجەلان لەلایەن داواكاری گشتییەوە بانگكرا بۆئەوەی پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجامبدات. پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە ئەنجامدرا، بەڵام زۆر كورتخایەن بوو؛ لەكاتی قسەكردندا و دوای ماوەیەكی كورت پەیوەندییەكە پچڕا و دواتر بەردەوام نەبوو”.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، “لە ڕۆژی 27ی نیسانی 2020ەوە هیچ زانیارییەك لەبارەی ئۆجەلان دەستنەكەوتووە و دوایین چاوپێكەوتنیشی كە لەگەڵ پارێزەرەكانی ئەنجامیدا ڕۆژی 7ی ئابی 2019 بوو. لە 14ی ئازاری 2021دا و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەبارەی دۆخی تەندروستیی ئۆجەلان هەندێك هەواڵ بڵاوكرانەوە. ئێمەش وەكو ئەرك و مافێكی یاساییمان و بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی بەڕێزیان، داوای چاوپێكەوتنی ڕاستەوخۆمان لەگەڵیدا كرد، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێكمان نەدراوەتەوە”.

پارێزەرانی ئۆجەلان دەڵێن، بۆ زانینی دۆخی تەندروستیی ئۆجەلان، ئەمڕۆش داوایەكی تریان پێشكەش كردووە بۆ دیداری لە گرتووخانەی سزا قورسەكانی دوورگەی ئیمراڵی، بەڵام پێیان ڕاگەیەنراوە داواكارییەكەیان جێبەجێ ناكرێت و “ئەمەش پێشێلكاریی زەقە لەڕووی یاساییەوە”.

پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی سەدە ئەوەشیان ڕوونكردووەتەوە، خێزانی حامیلی یڵدرمیش پەیوەندیی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە، بەڵام ئەویش كورتخایەن بووە و پچڕاوە، خێزانی عومەر خەیری كۆنار و ڤەیسێ ئاتاشی زیندانیانی تری ئیمراڵیش دژی گۆشەگیرییان ئامادەی ئەنجامدانی پەیوەندییەكە نەبووە.

پارێزەرانی ئۆجەلان دەڵێن، “ئەم بابەتە بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنین، بەرپرسان دەبێت بەپێی یاسا مامەڵە بكەن”.