سەردێر

سەمیر هەورامی: هەرێم لە هەوڵەكانی بەردەوام دەبێت بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا

خەڵك

وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە پڕۆژەیاسای بودجەدا دوو پێشنیار سەبارەت بەشایستە داراییەكانی هەرێم هەیە، هەر كامێكیان پەسەند بكرێت، حكومەتی هەرێم جێبەجێی دەكات.

سەمیر هەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، لەمانگی نیسانی 2020وە تا ئێستا سێ جۆر ڕێككەوتنمان لەگەڵ حكومەتی عیراق كردووە‌ و لەئێستاشدا دوو پێشنیار لە پڕۆژەیاسای بودجەدا هەیە سەبارەت بە شایستە داراییەكانی هەرێم، پێشنیاری حكومەتی عیراق ‌و پێشنیاری لیژنەی دارایی ‌و كوتلە پەرلەمانییەكان، هەركامێكیان پەسەند بكرێت، حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بەجێبەجێ كردنی.

سەمیر هەورامی وتیشی: لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، ئەو بڕگەیەی پەسەندكرد كە پەیوەستە بەهەرێمی كوردستانەوە، بۆیە پشكی هەرێم هۆكار نییە لەدواخستنی دەنگدان لەسەر بودجەی ساڵی 2021ی عیراق و هەركاتێك پێویست بكات، شاندی حكومەتی هەرێم دەچێتەوەبەغدا.

وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو: قوباد تاڵەبانی سەرۆكی شاندی دانوستانكاری هەرێم بەلایەنی عیراقی وتووە، ئەگەر پشكی هەرێم رێگر بووە لە خزمەتكردنی پارێزگاكانی ناوەڕاست ‌و باشوری عیراق، ئەوا بودجە و پشكی هەرێم بۆ ئەوان بنێرن، بەڵام لە 2014وە چەندین مانگ شایستە داراییەكان نەنێردراون و كێشەی ئەو ناوچانەش چارەسەر نەكراون.

سەمیر هەورامی ئاماژەی بەوەشدا: حكومەتی هەرێم لە هەوڵەكانی بەردەوام دەبێت بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا.