سەردێر

بافڵ تاڵەبانی: لەگەڵ یەكدەنگی و یەكهەڵوێستیی هێز و لایەنەكانین

خەڵك

هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتی ڕایگەیاند “لەگەڵ یەكدەنگی و یەكهەڵوێستیی هێز و لایەنەكانین و بڕوامان بە كاری هاوبەش هەیە لەپێناو خزمەتكردنی خەڵكی خۆشەویستی كوردستان”.

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لەگەڵ كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتی كۆبووەوە و ڕایگەیاند “ئەزموونی ئەمڕۆمان بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستانە. سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە چاوی ڕێز و شكۆمەندییەوە لەو خەباتە دەڕوانێت و وەفادار دەبێت بەرامبەر هەوڵ و تێكۆشانی ئەوان لەپێناو كورد و كوردستان”.

هاوسەرۆكی یەكێتی ئاماژەی بە ڕۆڵ و گرنگیی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی یەكێتی كرد و وتیشی “وەكو چۆن پێشمەرگەكانمان لە ڕابردوودا سەرمەشقی شۆڕش و كوردایەتی بوون، ئێستاش دەبێت بە هەمان ڕۆحییەتی شۆڕشگێڕانەوە پێكەوە دەست لەناو دەست خەبات بكەین لەپێناو سەرخستنی ئەم ئەزموونە و كوردستان بگەیەنینە قۆناغێكی باشتر و خۆشگوزەرانتر”.

بافڵ تاڵەبانی پەیام و ستراتیژی یەكێتی ڕوونكردەوە و ئەوەی خستەڕوو “لەگەڵ یەكدەنگی و یەكهەڵوێستیی هێز و لایەنەكانین و بڕوامان بە كاری هاوبەش هەیە لەپێناو خزمەتكردنی خەڵكی خۆشەویستی كوردستان. مێژووی یەكێتی لێوڕێژە لە قوربانیدان بۆ ئەم خاكە، بۆیە ئەو مێژووە پڕ لە شانازییە ناكەینە قوربانیی بەرژەوەندیی شەخسی و حیزبی و هەموو هەوڵێكمان لەپێناو ژیانێكی ئارام و خۆشگوزەراندایە بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان”.