خەڵك
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، كەسێك لەسەر كێشەی كۆمەڵایەتی “بە ئەنقەست” لە كەسێكی تری داوە و كوشتوویەتی، تۆمەتبار دەستگیركراوە و لێكۆڵینەوەش لە ڕووداوەكە دەستیپێكردووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، هێزەكانیان دوای ئاگاداركردنەوەیان لە بوونی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی، تۆمەتبارێكی دانیشتووی شاوێس بە ناوی (ع. ح. ا) كە لەسەر ڕێگەی پیرمام “بە ئەنقەست و بە خێراییەكی زۆر” هاووڵاتییەكی بەناوی سەباح عەلی حەمەد كردووە بە ژێرەوە و دواتر گیانی لەدەستداوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەشداوە، دەستبەجێ دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە و توانیویانە تۆمەتباری ناوبراو، كە لە شوێنی ڕووداوەكە هەڵاتبوو، لە ماوەی كەمتر لە سێ كاتژمێردا دەستگیربكەن.
هاوكات ئەوەش خراوەتەڕوو، پۆلیس دوو ئافرەتیان بە ناوەكانی (ن. ر. ح) و (ز. ا. ع) بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بەو ڕووداوەوە دەستگیركردووە، هەرسێكیشیان بە مەبەستی وەرگرتنی ڕێكاری یاسایی بەرامبەریان، ڕادەستی دادگا كراون.