سەردێر

پۆلیسی هەولێر: سێ‌ كەس دەستگیركران كە هاووڵاتییەكیان ڕفاندبوو

خەڵك

پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، سێ كەسیان بە تۆمەتی ڕفاندنی هاووڵاتییەك دەستگیركردووە كە بۆ ئازادكردنی داوای هەشت هەزار دۆلاریان كردبوو.


مقەدەم هۆگر عەزیز وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، هێزەكانیان دوای لێكۆڵینەوە و “چاودێرییەكی چڕ” و بەدەستهێنانی زانیاری، لە بۆسەیەكدا سێ كەسیان بە تۆمەتی ڕفاندنی هاووڵاتییەك بەناوی (ا. ھ. ز) دەستگیركرد، كە لە بەرامبەر ئازادكردنیدا، داوای زیاتر لە 8000 دۆلاریان كردبوو.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر وتیشی، تۆمەتبارەكان بە ناوەكانی (ف. م. ر) و (ز. م. ر) و (م. د. ز)، كە لە شوێنێك چاوەڕێی وەرگرتنی بڕە پارەكە بوون، لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە دەستگیركراون و دراونەتە دادگا.

مقەدەم هۆگر عەزیز ئاماژەی بەوەشدا، ڕفێندراوەكەش دوای ئازادكردنی، ڕادەستی خانەوادەكەی كراوەتەوە.