سەردێر

قائیمقامیەتی سلێمانی؛ كارگەیەكی دروستكردنی خواردنەوە حكولییەكانی داخست

خەڵك

لەسەر زانیاری ئاسایشی سلێمانی و بەهۆی نەبوونی نوسراوی فەرمی و پشكنینی كوالێتی و تەندروستی، قائیمقامیەتی سلێمانی دەست بەسەر بڕێكی زۆر خواردنەوە كحولییەكاندا دەگرێت و كارگەیەكی دروستكردنی خواردنەوە حكولییەكان و كۆگایەكی عەمباركردن دادەخات.

لەشكر حەمید، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، لەدرێژەی كاروچالاكییەكانی لیژنەكاندا و بەهۆی نەبوونی نوسراوی فەرمی و پشكنین تەندروستی و كوالێتی كۆنترۆڵ، لیژنەكان دەستیان بەسەر بڕێكی زۆر خواردنەوە كحولییەكاندا گرتووە.

وتیشی:”لەكاتی سەردانی لیژنەكە بۆ كارگە و كۆگای عەمباركردنی خواردنەوە حكولییەكان، دەركەوتووە، كە دوو جۆر خواردنەوەی گوماناوی بوونی هەیە، كە جۆرێكیان بیرەیە و جۆرەكەی دیكە ڤۆدگا”.

ڕاشیگەیاندووە، كە جۆری ئەو بیرەی لە كۆگای خواردنەوەكە دەستی بەسەردا گیراوە، بەئاسانی بەروارەكەی لادەچێت ئەمەش گومانی درێژكردنەوەی ماوەی خواردنەوەی لێدەكرێت، بەڵام هەبوونی شوشە و دەفری بەتاڵ لە كۆگاكە و تێكردنەوەی ڤۆدگاكە لە هەرێمی كوردستان، بە فێڵی بازرگانی ئەژمار دەكرێت، بەكارهێنانی ناوی بازرگانی و ساغكردنەوەی ئەو كاڵاوشمەكانەی ساختەن، فێڵی بازرگانییە و یاسا سزای بۆ ئەنجامدەرانی داناوە.

ئاشكراشیكردووە، كە یەكێكی دیكە لە سەرپێچییەكانی كارگە و كۆگای خواردنەوە كحولییەكان، نەبوونی مۆڵەتی كاركردنە، مۆڵەت بنەمای كاركردنە بۆ هەر كاروپیشەیەك كەسێك بیەوێت ئەنجامی بدات، پێویستە ئەو شوێنانە مۆڵەتی كاركردنیان نییە مۆڵەتی كاركردن لە لایەنە پەیوەندەدارەكان وەربگرن.

لای خۆشیەوە، پەرست نەقشبەندی، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلیمانی رایگەیاندووە، پێویستە هەموو ئەو خواردن و خواردنەوانەی هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، لەلایەن تاقیگەكانی كوالێتی كۆنترۆڵ و تەندروستییەوە پشكنینیان بۆ بكرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی پشكنین بۆ ئەو جۆرە خواردنەوە كحولییە نەكراوە و نازانرێت هەمان كوالێتیی‌ خواردنەوە هاوردەكراوەكەیە‌، لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانییەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت‌.

لەشكر حەمید، سەرۆكی لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی، ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، بەهاوكاری بەشە جیاوازەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، لیژنەكان رێگری لە سەرپێچیكردن دەگرن كە ببێتە هۆی فێڵكردن لە هاووڵاتیان، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی كارگە و كۆگاكە دادەخرێن و خاوەنەكانیشی روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێنەوە.