سەردێر

سلێمانی..تەقە بەسەر خوێندکارانی ١٢دا دەکرێت

سلێمانی – نزار جەزا

لەخۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ پێنج شەممەی خوێندکارانی قۆناغی ١٢دا لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی گرژی دروستبوو  و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقە بەسەر خۆپیشاندەراندا کرا.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە خوێندکارانی قۆناغی ١٢ چوونە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەیان بەسەرداکرا، بەڵام دواتر لەلایەن هێزی چالاکییە مەدەنییەکانەوە دۆخەکە ئاسایی کرایەوە و درێژە بەخۆپیشاندانەکە درا.

بەهۆی ئەو گرژییەوە هیچ کەسێک بریندارنەبوو، بەڵام ئەو خوێندکارانە کە تەمەنیان کەمترە لە ١٨ ساڵ جەختیان لەئەوەدەکریدەوە، زۆر نابەجێیە تەقە بەسەر نەوەی داهاتووی وڵاتدا بکرێت.

لەسێ ڕۆژی ڕابردوودا ئەو خوێندکارانە لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە کۆبوونەوە داواکارییەکانی خۆیان پێ ڕاگەیاند، بەڵام خوێندکارەکان وەڵامی داواکارییەکانیان بەجێبەجێکراوی لەڕاگەیاندنەکانەوە نەبینی، بۆیە درێژەیان بەخۆپیشاندانەکەدا.

خوێندکاران داواکارییان هەیە و جەختدەکەنەوە ئەگەر داواکانیان جێبەجێنەکرێت، هەموو بەیانییەک خۆپیشاندان دەستپێدەکەن و بەردەوامدەبن.

ئەو خوێندکارانە ناڕازیبوون لەوەی زۆر بەپەلە وانەکانیان دەخوێنن، بەجۆرێک لەڕۆژێکدا وانەى چەند ڕۆژێک دەخوێنن، ئەوان پێیانوایە، ئەمە وادەکات نەتوانن ئەو هەموو وانەیە تێبگەن، بۆئەوەی لەکاتی تاقیکردنەوەدا وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە.

ئەوان داواکارن وانەکانیان بۆ کەمبکرێتەوە، چونکە پێیانوایە، ناکرێت لەماوەى چەند مانگێکی کەمدا بەشە وانەی نۆ مانگ بخوێنن، لەبەرئەوەی ماوەکەی کەمە و وانەکانیش زۆرن

لەیەکێکی دیکەی داواکارییەکانیاندا داواکارن، ئەو ماوەیەی لەپێش تاقیکرنەوەی نیشتیمانی بۆ پێداچوونەوەی وانەکان دانراوە لە ٢٥ ڕۆژەوە بۆ زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ درێژبکرێتەوە.

ئەم لەکاتێکدایە بەهۆی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لەجیهان و هەرێمی کوردستانیش، پرۆسەى خوێندن و کۆی کایەکانی ژیان پەکی پەکیکەوتووە.