سەردێر

بڕیارە مەزاری شەهیدانی هەڵەبجە بگوازرێتەوە

خەڵك – یەحیا حبیب

بەڕێوەبەری گشتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی پارێزگای هەڵەبجە ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەی چاككردنی مەزاری شەهیدان لە ئەنجومەنی وەزیرانە و ئومێدەكەین جێبەجێكرێت، بەڵام تا ئێستا دیار نییە كە مەزارەكە دەگوازرێتە و بۆچوونی كەسوكاری شەهیدانیش لای ئێمە گرنگترە”.

كامەران موستەفا، بەڕێوەبەری گشتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی پارێزگای هەڵەبجە بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاند، “تیمی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و وەزارەتی شەهیدان هاتوونەتە مەزاری شەهیدان دەرخستەیەكی تایبەتمان كردووە كە تەواوی مەزاری شەهیدان بگوازرێتەوە یاخود شوێنەكەی بگۆڕدرێت و چاك بكرێت و بپارێزرێت”.

وتیشی، “ئێمە بێ فەرمانبەرین بە فەرمانبەر و باخەوان مەزاری شەهیدان كۆنتڕۆڵ ناكرێت، چونكە مەزارەكە كەوتووەتە نێو ناوەندی شارەوە و پێویستە دامەزراوەیەكی ئەمنی باش لێرەدا هەبێت بۆ پارێزگاری كردن لێی”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، “هێزە ئەمنییەكان لە میلاكدا كەمیی هەیە و ئەوەش یەكێكە لە گرفتەكانمان، بەڵام ئەو دەرخستەیەی لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانە دەربارەی مەزاری شەهیدان ئومێددەكەین جێبەجێبكرێت”.

بەڕێوەبەری گشتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی پارێزگای هەڵەبجە دەڵێت، “ئێمە پێمان باشە مەزاری شەهیدان لە ناوەندی شارەوە بگوازرێتەوە و لایەنێكی ئەمنی پارێزگاری لێبكات بەڵام بۆچوون و داواكاری كەسوكاری شەهیدان لای ئێمە گرنگترە”.