سەردێر

قوباد تاڵەبانی؛ ئەگەر لەگەڵ شەهیدان وئەنفال ڕاستگۆن سبەی ئەم بڕیارە بدەن

خەڵك
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، سبەینێ یادی كیمیابارانی هەڵەبجەیە ئەگەر بڕیارە راستگۆ بین لەگەڵ خوێنی شەهیدان و قوربانییەكانی گەلەكەمان، با لەبری قسە و دروشمی دووبارە، سبەینێ لە هەڵەبجەوە بڕیار بدەین لە ڕۆژی ٤/١٤ كە یادی شاڵاوەكانی ئەنفالە، بەرپرسان و كەسە یەكەمەكانی هەموو حیزبەكان پێكەوە لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ كۆببینەوە و بەیەكەوە یادی هەموو شەهیدانی كوردستان بكەنەوە.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە پەیامێكدا بە بۆنەی یادی 33 ساڵەی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە ڕایگەیاندووە، ڕۆژمێری ئێمەی كورد پڕە لە یادەوەری ئازار و برین و كارەسات كە هەر جارەی دوژمنێك جەستەی نیشتمانی ئێمەی خەڵتانی خوێن كردووە.

دەشڵێت،”سبەینێ یادی كیمیابارانی هەڵەبجەیە ئەگەر بڕیارە راستگۆ بین لەگەڵ خوێنی شەهیدان و قوربانییەكانی گەلەكەمان، با لەبری قسە و دروشمی دووبارە، سبەینێ لە هەڵەبجەوە بڕیار بدەین لە رۆژی ٤/١٤ كە یادی شاڵاوەكانی ئەنفالە، بەرپرسان و كەسە یەكەمەكانی هەموو حیزبەكان پێكەوە لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ كۆببینەوە و بەیەكەوە یادی هەموو شەهیدانی كوردستان؛ شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفال و شەنگال و یادەكە هاندەرمان بێت بۆ دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی ژیانی سیاسی”.

پەیامەكەی قوباد تاڵەبانی :
رۆژمێری ئێمەی كورد پڕە لە یادەوەری ئازار و برین و كارەسات كە هەر جارەی دوژمنێك جەستەی نیشتمانی ئێمەی خەڵتانی خوێن كردووە.
ساڵانە لە هەركام لەو بۆنە جەرگبڕانەدا هەموو لایەكمان پەیام و راگەیەنراوی پڕ لە قسە و دروشم بڵاودەكەینەوە و بە رواڵەت یادی شەهیدەكانمان دەكەینەوە.
دەپرسم ئەم هەموو بەیاننامە و بڵاوكراوانە چییان لێ سەوز بووە؟ هەر بە ڕاست ئەم هەموو شەهید و خوێن و برینانە بەس نەبوون بۆ ئەوەی بەئاگامان بهێننەوە لەئاست پرس و هێڵە سوورە نیشتمانییەكان تاكو بیانپارێزین؟
سبەینێ یادی كیمیابارانی هەڵەبجەیە؛ ئەگەر بڕیارە راستگۆ بین لەگەڵ خوێنی شەهیدان و قوربانییەكانی گەلەكەمان، با لەبری قسە و دروشمی دووبارە، سبەینێ لە هەڵەبجەوە بڕیار بدەین لە رۆژی ٤/١٤ كە یادی شاڵاوەكانی ئەنفالە، بەرپرسان و كەسە یەكەمەكانی هەموو حیزبەكان پێكەوە لە مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ كۆببینەوە و بەیەكەوە یادی هەموو شەهیدانی كوردستان؛ شەهیدانی هەڵەبجە و ئەنفال و شەنگال و بارزانییەكان و فەیلییەكان و سەرجەم شەهیدان و ئەنفالكراوانی رێگای رزگاریی كوردستان بكەینەوە و یادەكە هاندەرمان بێت بۆ دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی ژیانی سیاسی.
ئەگەر ئەمە بكەین هەم خەیاڵی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و هەم روحی شەهیدانمان ئاسودە دەكەین.