سەردێر

تەندروستی هەرێم؛ ئەم ڤایرۆسەی كە لە هەرێم بڵاوبووەتەوە لە جۆرە گۆڕاوەكەیە

خەڵك
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕایدەگەیەنێت ، ئەو ڤایرۆسەی كە لە ئێستادا بڵاوبۆتەوە زۆر بەخێراییە و لە جۆری گۆڕاوەكەیە، دەشڵێت،”بۆ ڕۆژانی نەورۆز ڕێگە بە هیچ هاووڵاتییەك نادەن بەبێ پشكنینی تەندروستی لە ناوەراست و باشووری عێراقەوە بێنە هەرێم”.

ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە هەرێم چاوەڕوان كراوبوو، چونكە ئەم ڤایرۆسەی لە هەرێم بڵاوبووەتەوە لە جۆرە گۆڕاوەكەیە و زۆر بە خێرایی بڵاودەبێتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، پێشبینی دەكەین لە ڕۆژانی داهاتوودا داتاكان زیاتر بەرزببنەوە، لە ئێستادا ئەوەی لە هەرێم ڕوودەدات لێكەوتەكانی شەپۆلی سێهەمی ڤایرۆسی كۆرۆنایە كە پێشتر هۆشداریماندابوو.
ئاشكراشیكردووە، پێشێلكردنی ڕێكارەكانی خۆپارێزی لەلایەن هاووڵاتیانەوە هۆكاری سەرەكی بەرزبوونەوەی ئامارەكانە،ماسك هۆكاری سەرەكی خۆپارێزیە لە كۆرۆنا.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، لە ڕۆژانی نەورۆزدا ڕێگە بە هیچ هاووڵاتییەك نادەن بەبێ پشكنینی تەندروستی لە ناوەراست و باشووری عێراقەوە بێنە هەرێم.