سەردێر

پەكەكە داوای ئاشكراكردنی چارەنوسی ئۆجەلان دەكات

هەواڵی مردنی بڵاوكراوەتەوە

خەڵك-
بڵاوبوونەوەی دەنگۆی مردنی عەبدوڵا ئۆجەلان لە زینداندا، پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) نیگەران دەكات و داوای ئاشكراكردنی چارەنوسی دەكات.


دیوانی هاوسەرۆكایەتی جڤاكی دیموكراتی ئەوروپا (كەجەدەكە-ئەوروپا) لەبارەی بانگەشەكانی سەر ژیانی عەبدوڵا ئۆجەلان لە ڕاگەیەنراوێكدا دەڵێت”شەوی 14ی ئەم مانگە ژمارەیەك میدیای دیجیتاڵی سەبارەت بە ژیانی ئۆجالان هەواڵیان بڵاوكردەوە، ئەمەش نیگەرانییەكانی ئەوانی زیاتر كردووە”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە”لێدوانی توركەكان لە بۆرسا دەربارەی ژیانی ئۆجالان نیگەرانییەكانی ئەوان ناڕەوێنێتەوە، چونكە بەشێوازێكی سیستەماتیكی و قورس لە ئیمراڵی گۆشەگیری بە سەریدا سەپێنراوە و بەو هۆیەشەوە هیچ زانیارییەك لەبارەیەوە نازانرێت و چارەنوسی نادیارە”.

(كەجەدەكە) داوا لە لایەنگرانی دەكات بەپەلە بڕژێنە شەقام و مەیدانەكان و داوای ئاشكراكردنی چارەنوسی ئۆجالان بكەن “تا چارنوسیشی ئاشكرا نەكرێت شەقام و مەیدانەكان چۆڵ نەكەن”.
شەوی رابردوو ژمارەیەك میدیا و پەیجە توركییەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بانگەشەی مردنی ئۆجالانیان لە زیندانی ئیمراڵی بڵاوكردەوە، بەڵام تا ئێستا هەواڵەكە ڕاستی هەواڵەكە نەزانراوە، بانگەشەكان لەبارەی مردنی ئۆجەلانیش لەكاتێكدان كە نزیكەی دوو ساڵە ڕێگە بە سەردانی كەسوكار و پارێزەرانی نادرێت سەردانی ئۆجەلان بكەن لە زیندان، بۆیە چارەنوسی بەنادیاری ماوەتەوە.