سەردێر

وەزارەتی تەندروستی: زیاتر لە ملیۆنێك ڤاكسینی كۆرۆنا دەگاتە عیراق

پشكی هەرێمی تێدایە

خەڵك-
وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕایدەگەێنێت، هەڵمەتی ڕوماڵكردنی كۆمەڵگە بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی بەرگری دەستپێدەكات و بۆ ماوەی چواردە رۆژ بەردەوام دەبێت، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ گەیشتنی زیاتر لە یەك ملیۆن ڤاكسینی تر بۆ عێراق، كە پشكی هەرێمیشی تێدایە.

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند”هەڵمەتی رووپێوكردنی كۆمەڵگا بۆ دیاركردنی ئاستی بەرگری لە ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستی پێكردووە، كە ھەموو ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و دەیان تیم بەشداری تێدا دەكەن، مەبەست لە بەڕێوەچوونی ھەڵمەتەكەش ئەوەیە، تا بزانین تا چەند بەرگری پەیدا بووە لەو كەسانەی پێشتر تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە و زانیارییان لەبارەوە كۆدەكرێتەوە”.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم دەڵێت”لە كاتی بەكارھێنانی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا، سوود لەو داتایەی رووپێوەكە وەردەگرین، چونكە بەشێك لەوانەی تووشی كۆرۆنا دەبن و دوای چاكبوونەوە پشكنین دەكەن، دەردەكەوێت ئاستی بەرگریی لەشیان زۆر بەهێزە”.

بە وتەی ئاسۆ حەوێزی”ئەمڕۆ دووشەممە15 ی 3 ی 2021، زیاتر لە یەك ملیۆن ژەمە ڤاكسین دەگاتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و دوای گەیشتنیشی، دەمودەست بەشی ھەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت، بۆ ئەوەی دابەش بكرێت و بەكار بهێندرێت”.