سەردێر

پەڕلەمانی كوردستان هیچ هەنگاوێكی بۆ دەستووری هەرێم نەناوە

خەڵك
ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لەپەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، جگە لە دەستپێشخەرییەكەی سەرۆكی ئەم خولەی پەڕلەمان بۆ لای لایەنە سیساییەكانی هیچ هەنگاوێكی دیكە لەم خولەدا نەنراوە بۆ پرسی دەستووری هەرێم، دەشڵێت: “هەموو لایەنەكان لەسەر ئەوە كۆكن، كە هەرێم لەم خولەدا ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی”.

ڕۆژان محەمەد كەریم، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەڕلەمانی كوردستان بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لەگەڵ ئەوەدان هەرێم ببێتە خاوەنی دەستوری خۆی، بەڵام لەم خولەدا جگە لە دەستپێشخەرییەكەی د.ڕێواز فایەق بۆ لای لایەنەكان لەكاتی دەستبەكاربوونی هیچ شتێكی دیكە نەكراوە.

وتیشی، “ئێمەش لەماوەی ڕابردوودا وەك لیژنەی یاسایی سەردانی ئەنجوومەنی دادوەریمان بۆ ئەو پرسە كرد، كە میكانیزمەكانی یاساكانی دەستور چۆن و بەچ شێوەیەك بێت ئەوانیش وەڵامیان ئەوە بووە، كە هیچ شتێكیان لەو بارەیەوە لێ داوا نەكراوە”.

ڕاشیگەیاند، ئێمە وەك فراكسیۆنی سەوز لە پەڕلەمان پشتیوانی پڕۆژەی دەستور دەكەین بۆ هەرێمی كوردستان، هاوكار دەبین لە خولەدا هەرێم ببێتە خاوەنی دەستوری خۆی.

ئەمە لەكاتێكدایە، لە خولی پێشووی پەڕلەمانی كوردستان لیژنەیەك پێكهات و ٧١ ماددەی دەستووری نووسی، بەڵام بەهۆی پەككەوتنی پەڕلەمان و ھەبوونی ناكۆكی لەسەر شێوازی حكومڕانی، كە ئاخۆ (پەڕلەمانی بێت یان سەرۆكایەتی) كاری خۆی تەواو نەكرد.