سەردێر

تەرمی مێردمنداڵێك دۆزرایەوە

خەڵك-

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندی پۆلیسی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت، دوای ئەوەی لە 8ی ئەم مانگەوە، كەسوكاری پۆلیسیان ئاگاداركردەوە كە لەماڵ دەرچووەو نەگەڕاوەتەوە، ئەمڕۆ تەرمی مێردمنداڵێك دۆزرایەوە.

عەلی جەمال قدوری بەڕێوەبەری ڕاگەیاندی پۆلیسی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، دوای ئەوەی ڕۆژی دوو شەمە 8ی ئەم مانگە، كەسوكاری مێردمنداڵێك بەناوی (ع/س/ع) لەدایكبووی 2004 دانیشتووی گوندی گردەگۆزینەی سەر بەقەزای كەلار پۆلیسیان ئاگاداركردووە، كە ناوبراو لەماڵ دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە، بەیانی ئەمڕۆ یەك شەممە تەرمی ناوبراو بە كوژراوی دۆزرایەوە.
ئاشكراشیكرد، تەرمی مێردمنداڵەكە لە پشت باخەكانی نزیك شەقامی پشدێنەی نێوان ناحیەی ڕزگاری/ گوندی گردەگۆزینە دۆزراوەتەوە.

ڕونیشیكردەوە، لە ئێستادا بەمەبەستی پشكنین تەرمەكە ڕەوانەی پزیشكی دادوەری قەزای كەلار كراوە و پۆلیس پەڕاوی لێكۆڵینەوەی لەسەر ڕووداوەكە كردووەتەوە و لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە دەستیپێكردووە.