سەردێر

وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە سلێمانییەوە: ئاوارەكان ناچار ناكەین بگەڕێنەوە

خەڵك-

وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە سلێمانییەوە ڕایدەگەیەنێت، ئاوارەكان ناچار ناكەن بگەڕێنەوە و گەڕانەوەیان بە خواستی خۆیانە، ڕەتشكردەوە”ڕێگەبدەن بەرژەوەندیی تایبەت تێكەڵی دۆسیەی ئاوارەكانی‌ شنگال بكرێت”.

ئیڤان فایەق، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لەمیانەی سەردانی بۆ كامپی ئاوارە ئێزدییەكان لە كەمپی‌ ئاشتی‌ لە ناحیەی‌ عەربەت لە كۆنفرانسێكی‌ ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”دۆخی ئەمنیی شنگال زۆر باشە، بەڵام هەندێك لە ماڵەكان خاپوور بوون، لەگەڵ كۆمەڵێك ڕێكخراو لە هەوڵدان بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و سەرلەنوێ بنیادنانی ماڵەكان”.

بە وتەی ئیڤان فایەق”ئاوارەكان لە دۆخێكی خراپدان و پێویستە مامەڵەیەكی مرۆڤانەیان لەگەڵدا بكرێت و جەختیشی‌ كردەوەلەوەی‌،” ڕێگە نادەم بەرژەوەندیی تایبەت تێكەڵی دۆسیەی ئاوارەكان بكرێت”.

وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دەڵێت”تا ئێستا 70 خێزان گەڕاونەتەوە بۆ شنگال و لەگەڵ كەسێتییە عەرەبەكانی ناوچەكەشدا لەهەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان و گەڕانەوەی‌ ئەو ئاوارانەی‌ لە كەمپەكانن بۆ زێدی خۆیان، گەڕانەوەی ئاوارەكان بە خواستی خۆیانە و ئەوان ناچاریان ناكەین بگەڕێنەوە”.