سەردێر

حكومەتی هەرێم ڕاگەیەنراوێك بڵاودەكاتەوە

خەڵك
حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ژمارە و داتاكانی تایبەت بە داهات وخەرجیی نەوتی و نانەوتی و تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی پێشكەش بە بەغدا كردووە و حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندبوونی خۆی بە گشت پابەندییەكانی دووپات دەكاتەوە.

جوتیار عادل ، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، لە كاتێكدا پەسەندكردنی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021، لە دوایین قۆناخەكانییەتی، دوای گفتوگۆیەكی زۆر لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان، حكومەتی هەرێم پابەندبوونی خۆی بە گشت پابەندییەكانی دووپات دەكاتەوە و بڕوای بە شەفافیەت هەیە وەك لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتدا هاتووە.

حكومەتی هەرێم بە نووسراوی ژمارە (7-تایبەت) لە 1-2-2021، لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراقی ئاگاداركردووەتەوە لە هەموو وردەكارییەكانی پەیوەست بە پرۆسە و داهات وخەرجییەكانی نەوتی (پشتبەست بە ڕاپۆرتی ووردبینی و پێداچوونەوەی كۆمپانیای دیلۆیتی نێودەوڵەتیی) سەرەڕای ناردنی ژمارەكانی پەیوەست بە سەرچاوەكانی داهاتی نانەوتی و دەروازە سنووریەكان و بڕی داھاتەكانیان پشتبەست بە بەیانی دارایی ساڵانەی وەزارەتی دارایی وئابووری ھەرێم. ئەمە سەرەڕای ناردنی خشتەی ژمارە و زانیاری تایبەت بە مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان، پشتبەست بە پڕۆگرامی تۆماری بایۆمەتری.

ڕاشیگەیاندووە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەمیشە جەخت لەسەر پابەندبوون بە پڕەنسیپی شەفافیەت دەكاتەوە لەبارەی ئاشكراكردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی خۆی، بۆ ڕای گشتی و حكومەتی فیدڕاڵ، تا ئێستاش بە نووسراوی فەرمی وەڵامی وردی هەموو پرسیارەكانی ھەردوو وەزارەتی دارایی و نەوتی عێراق و ھەروەھا لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانیشی داوەتەوە.

هاوكات ھەرێم جارێكی دیكە ، ئامادەیی خۆیشی دووپاتدەكاتەوە بۆ ڕوونكردنەوەی هەر پرسیارێكی دیكەی پەیوەست بەم بابەتەوە، بۆلادانی هەموو ئەو تەمومژیانەی كاریگەریان بەسەر ڕێڕەوی لێكگەیشتن و ڕێككەوتنی نێوان هەردوولا دەبێت.