سەردێر

لەڕووی شەرعی و ئاینییەوە كوشتنی ماسی دروستە؟

خەڵك-
كاتێك دەتەوێت لە فرۆشیارێكی گۆشتی ماسی لە دوكان یان ئەو پیكابانەی لە سەر شەقامەكان دەوەستن ماسییەك بكڕیت، فرۆشیارەكە ماسییە زیندووەكە بە چەكوشێك دەدات بەسەریدا و ئەوجا دەست دەكات بە پاككردنی، مامۆستایەكی ئایینی-ش دەڵێت: “لەخوا بترسن و دەست لەو كارە هەڵبگرن بۆ ئەوەی تووشی ئەو گوناهە نەبن”.

مامۆستا موسلم مەلا ساڵح فریزی، وتارخوێن و پێشنوێژی مزگەوتی كەسنەزان لە هەولێر بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، پێویستە ماسی فرۆشەكان ئاگاداربن بە چەكوش و مەترەق دروست نیە ماسی بكوژن، بەڵكو دەبی لێی بگەڕێن بە ئاسانی بەخۆی ڕۆح بدات.

دەشڵێت: “پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتی، (إن اللهَّ عز وجل كتبَ الإحسانَ علي كلِّ شي‌وٍ، فإذا قَتلتُم، فأحسِنوا القِتلةَ، و إذا ذبحتُم فأحسنوا الذبحَةَ، و ليُحِدَّ أحدُكم، إذا ذبحَ شفرتَه، و ليُرِحْ ذبيحتَه)، كەواتە ئەو دوو ئازاردانە دروست نیە ئاگاداربن!”.

ئاماژەی بەوەشكرد، جاری وا بووە جگە لە ئازاردانی ئەو ماسیە بە چەكوش و مەترەق لە تۆقی سەری! لەسەر ئەو حاڵەش هێشتان تەواویش ڕۆحی نەداوە بەچەقۆ سكی هەڵدەدڕن و سەرەڕای هەموو ئەو ئازار پێگەیاندنەش جاری وابووە خراوەتە بەر ئاگری بەتین بۆ سوركردنەوەی هێشتان كلكی جوڵاوە.

ئەو مامۆستتا ئاینییە داوای لە ماسی فرۆشەكان كرد، “تكایە لەخوا بترسن و دەست لەو كارە هەڵبگرن بۆ ئەوەی تووشی ئەو گوناهە نەبن، بەڵكو تۆزێك سەبرتان هەبێت”.