خەڵك
ئەمڕۆ هەینی، ڕێكخراوی دیدگای نوێ بە هاوكاری یەكێتی هاوردە و ناردكارانی كوردستان – سلێمانی و ئیدارەی سلێمانی، سێهەمین فیستیڤاڵی ڕۆشنبیری و بازاڕسازی چەمچەمال بەڕێوەچوو.
مەبەست عەباس، لێپرسراوی ڕێكخراوی دیدگای نوێ لە شارۆچكەی چەمچەماڵ بە (تۆڕی میدیایی خەڵك)ی ڕاگەیاند، “ئەم فیستیڤاڵە ماوەی سێ ساڵە لە قەزای چەمچەماڵ بەردەوامی هەیە و لە سەرەتای مانگی مارسدا و بەهۆی بۆنەكانی ڕاپەڕین و 8ی مارس و كەلەپوری كوردییەوەیە و ئەمڕۆ یەكەم ڕۆژی بەسەركەوتویی بەڕێوەچوو و و ڕۆژی دووشەممەش كۆتا ڕۆژی فیستیڤاڵەبێت”.
وتیشی، “ساڵانی ڕابردوو فیستیڤاڵەكە گرنگی بە بابەتی ڕۆشنبیری داوە بەڵام ئەمساڵ لەگەڵ بابەتە ڕۆشنبیرییەكان گرنگییەكی تەواومان داوە بە بازاڕێكی گەورە داوە بۆ بەرهەمی خۆماڵی “.
دەشڵێت، “ئامانجمانە لەو ڕێگەیەوە خزمەتێك بە جوتیاران و ناساندنی بەرهەمی كشتوكاڵییە بە خەڵكی شارۆچكەی چەمچەماڵ و كۆمەڵێك كارگەمان بانگێشتكردووە بۆ فیستیڤاڵەكە ”
ئاشكراشیكرد، “لە فیستیڤاڵەكەدا سەرو 120 شوێن بەشداریان كردبوو بە هەموو جۆرەكانی كارگەی بچوك و گەورە و سەرو 10,000 كەس بەژداریان كردووە لە فیستیڤاڵەكەدا “.
فیستیڤاڵەكە لە شاری یاری و پاركی شەهیدان بەڕێوەچوو و بڕیاریشە سبەینێ و لە دووەم ڕۆژی فیستیڤاڵدا ڕێزلێنان دەبەخشرێتە تەواوی ئەو كەسانەی كە خۆبەخشانە و لە كاتی كەرەنتینە و ڤایرۆسی كۆرۆنادا خزمەتی شارۆچكەی چەمچەماڵیانكردووە.
مەبەست عەباس، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد،”بەشێكی دیكەی ناو فیستیڤاڵەكە گرنگیدانبوو بە كلتوری كوردی و چەندین دەوار و ڕەشماڵ هەڵدرابوو و لەگەڵ ئەوەشدا خواردنی كوردەواری بێبەرامبەر دەدرا بە بەژدارانی فیستیڤاڵەكە”.