سەردێر

ئاشنا عەبدووڵا ؛ فشارەكان بەردەوامە بۆ پێدانی ژمارە بە ئۆتۆمبێلە مۆدێل نزمەكان

خەڵك-
ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، فشارەكانی ژمارەیەك بەرپرسی وەزارەتی ناوخۆ بەردەوامە بۆ ژمارەكردنی ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل و بە قاچاخ هێندراو، دەشڵێت،”سەرگرتنی ئەم هەوڵ و فشارەش واتا ڕەوایەتیدان بە قاچاخی سنورەكان و ڕێزنەگرتنی بڕیارەكانی وەزارەتی ناوخۆ لەلایەن خودی وەزارەتەكەو بەرپرسەكانیەوە”.

ئاشنا عەبدوڵا ، ئەندام فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ هێنانی ئۆتۆمبێلی خوار مۆێل و كواڵیتی خراپ ڕێگە پێنەدراوە، بەڵام هەمان ئەو ئۆتۆمبێلانە بە قاچاخ دەهێندرێت و لە ئێستاشدا فشارەكانی هەندێك بەرپرس بەوئاڕاستەیەن كە ژمارەیان پێبدرێت.

وتیشی ،” ئەو بەرپرسانەی لەپشت شەرعیەتدان بەم كارە نایاساییەوەن چەند بەهانەیەكیان هەیە، كە بەهانەكانیان دەچێتە خزمەتی ئەو قاچاخچیانەوە كە ئەو ئۆتۆمبێلانەیان هێناوە، بۆیە ناكرێت ڕێگری لە قاچاخچێتی نەگیرێت و ڕێگری لە سوڕانەوەی ئۆتۆمبێلی بێ ژمارە نەكرێت لە شەقامەكان و سزای قاچاخچیەكانی سنورەكان نەدرێت و بەهانەش بۆ كارەكەیان بهێندرێنەوەو بە بیانوی بوون بە ئەمری واقیع ئۆتۆمبێلیان بۆ ژمارە بكرێت”.

ڕاشیگەیاند، خراپیەكانی ژمارەپێدان بەم ئۆتۆمبێلانە، زەرەرمەند بوونی ئەو هاووڵاتیانەی ئۆتۆمبێلی ژمارە و یاساییان كڕیوە، چونكە جیاوازی زۆر لە نرخی ئەو ئۆتۆمبێلە گرانبەها بە قاچاخ هاتوانە و هەمان ئۆتۆمبێلی یاسایی و ژمارە بۆكراو هەیە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، وەزارەتی ناوخۆ ئەگەر ژمارە بدات بەم ئۆتۆمبێلانە بەدەستی خۆی شەرعیەت دەدات بە قاچاخی و دەبێتە هاندانێك بۆ بێ یاسایی و پێشێلكردنی بڕیارەكانی حكومەت.